لە سوێد داوادەکرێت بەکارهێنانی ئامێری ئەلیکترۆنی لە لایەن منداڵانەوە سنووردار بکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمساڵ هێنریکی تەمەن 8 ساڵ کە قوتابییە لە ستۆکهۆڵمی سوێد، دەبێت زیاتر لە ساڵی رابردوو بە پێنووس لەسەر کاخەز بنووسێت.
 
هێنریک ئادەمز لەمبارەیەوە دەڵێ "نووسینی سەر کۆمپیوتەر، وات لێ دەکات بە باشی نەتوانیت بە پێنووس لەسەر کاخەز بنووسیت."
 
'بەکارهێنانی تابلێت بۆ نووسین بەر لە تەمەنی 10 ساڵی، توانای منداڵان لە نووسین بە پێنووس کەم دەکاتەوە'، ئەمە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی ناوەندێكی ئەکادیمیی سوێدە.
 
کاتارینا بارنیلیەس، مامۆستا لە سوێد دەڵێت "لە وانەی بیرکاری تابلێت و ئەپەکان بەکاردەهێنین، بەڵام بۆ نووسین، پێنووس لەسەر کاخەز بەکاردەهێنین، چونکە ئەگەر قوتابی لە تەمەنێکی کەمەوە فێری نووسین لەسەر کاخەز نەکرێت، دواتر ناتوانێت بە باشی پێنووس بەکاربهێنێت."
 
'کەمیی بەکارهێنانی پێنووس، حەزی خوێندنیش کەمدەکاتەوە،' وەک لە ئەنجامی توێژینەوەکەدا هاتووە.
 
لە ئاداری 2023، وەزیری سوێد بۆ کاروباری قوتابخانەکان لە دابەزینی حەزی خوێندن و تێگەیشتنی قوتابییانی سوێدی لە 5 ساڵی رابردوودا نیگەران بوو، بۆیە حکومەتە نوێیە کۆنسەرڤاتیڤەکەی سوێد هەڵمەتێکی بە تەرخانکردنی 107 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی کتێب و هاندانی قوتابییان بۆ خوێندن و گەڕانەوە بۆ کاخەز و دوورکەوتنەوە لە شاشەی ئامێرەکان تاوەکو ساڵی 2025، دەستپێکرد.
 
راپرسییەکی مانگی 12ـی پار، دەریخستووە یەک لە پێنج قوتابی قۆناخی سەرەتایی سوێد پێنووس بەکارناهێنن، 3 لە 10ـی قۆناخی ناوەندی و 6 لە 10ـی دواناوەندیش بە هەمان شێوە.