سەرۆکە سەربەخۆییخوازەکەی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا هەڵدێتەوە و پەنادەباتەوە بەر بەلجیکا

دوێنێ کاژێر 09:41
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کارلس پۆژیدمۆنت، سەرۆکی پێشووتر و سەربەخۆییخوازی هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا، دوای ئەوەی رەتیکردەوە خۆی رادەستی پۆلیسی ئیسپانیا بکات، گەڕایەوە بەلجیکا. 
 
پۆژیدمۆنت هەفتەی رابردوو، دوای حەوت ساڵ گەڕایەوە ئیسپانیا و لە شاری بارسێلۆنای پایتەختی کەتەلۆنیا لەنێو خەڵکدا دەرکەوتەوە، وێڕای ئەوەی لەسەر گشتپرسیی سەربەخۆیی ساڵی 2017ـی کەتەلۆنیا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرابوو. چونکە دادگەکانی ئیسپانیا گشتپرسییەکەیان بە نایاسایی داناوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، دوای پێشكێشکردنی گوتار لەنێو سەتان لایەنگردا، پۆژیدمۆنت بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بە بەرچاوی ژمارەیەکی زۆری رۆژنامەڤان و پۆلیس لە دەستی 500 پۆلیس کە بۆ دەستگیرکردنی نێردرابوونە شوێنەکە، هەڵات. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەرێمی کەتەلۆنیا رایگەیاند، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ ئەوەی بزانن هەڵەکە لە کوێدا بووە. خوان ئیگناسی ئێلێنا، بەڕێوەبەری بەوەکالەتی وەزارەتی ناوخۆی کەتەلۆنیا بەرگری لە پۆلیس کرد و رەخنەی لە پۆژیدمۆنت گرت. 
 
ئێلێنا گوتی، "چاوەڕێی مامەڵەیەکی نەشیاوی لەم جۆرەمان لە کەسێک نەدەکرد کە کاتی خۆی کەسی یەکەمی دەسەڵاتی کەتەلۆنیا بوو." 
 
ئیدوارد سایێنت، بەرپرسی یەکەیەکی پۆلیسی کەتەلۆنیا گوتی، هەبوونی جەماوەرێکی زۆر و کەسایەتییە دیارەکانی هەرێمەکە، لە نێویاندا سەرۆکی پەرلەمانی کەتەلۆنیا لەگەڵ پۆژیدمۆنت، وایکرد دەستگیرکردنی دەستبەجێی زەحمەت بێت. 
 
پۆلیس چاوەڕێی ئەوەی دەکرد، دوای کۆبوونەوە جەماوەرییەکە، پۆژیدمۆنت بڕواتە پەرلەمانی کەتەلۆنیا، چونکە پێشتر ئەو نیازەی پێشاندابوو، هەروەها دوای کۆتاییهاتنی گوتارەکەیشی لە بارسێلۆنا، کەسێک لە بڵندگۆکەوە گوتبووی کە ئێستا بەرەو پەرلەمان دەچێت.
 
پۆلیس بەنیاز بوو دوور لە قەرەباڵخی، لە پەرلەماندا دەستگیری بکات، بەڵام پۆژیدمۆنت دوای تەواوبوونی گوتارەکەی بە خێرایی سەکۆیەکەی جێهێشت، چووە نێو چادرێکی نزیک ئەو شوێنە، هاوشێوەی لایەنگرەکانی، کڵاوێکی لە قامیش دروستکراوی کردە سەری و سواری ئۆتۆمبێلێکی سپی بوو کە بۆی ئامادەکرابوو. 
 
سایێنت دەڵێت، هەر ئەو کاتە پۆلیس بە دوای کەوتن، بەڵام لێیان ونبوو. دوو پۆلیس بە تۆمەتی تێوەگلان لە هەڵاتنی سەرکردە سەربەخۆییخوازەکە، دەستگیرکران. یەکێکیان ئەو کەسەیە کە پۆژیدمۆنت بە ئۆتۆمبێلەکەی هەڵاتووە. ئەوی دیکە دوای ماوەیەک ئازادکرا. 
 
پۆلیس دەڵێت، ئەو ئۆتۆمبێلە کورسییەکی کەسانی نیڤشکانی لەسەر کورسیی پێشەوە بووە، گوایە بۆ ئەوەی رێگەی پێ بدرێت لە شوێنی نیڤشکانەکان بیوەستێنێت. 
 
پۆژیدمۆنت رۆژی چوارشەممە، رایگەیاندبوو دەگەڕێتەوە ئیسپانیا. بەڵام جۆردی توروڵ، کە سەربەخۆییخوازێکی دیکەی سەر بە تیمی پارێزەرانی پۆژیدمۆنت، بە میدیای کەتەلۆنیای راگەیاندبوو ئەو لە سێشەممەوە لە بارسێلۆنا بووە. پۆلیس دەڵێت توروڵ لەگەڵ پۆژیدمۆنتدا لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بووە کاتێک هەڵاتووە. 
 
سەرکردە کەتەلۆنییەکە رۆژی هەینی رایگەیاند، "دوای چەند رۆژێکی زۆر سەخت،" ئیستا لە شاری واتەرلووی بەلجیکایە. 
 
هەڵاتنی یەکەمین جاری پۆژیدمۆنت لە ساڵی 2017، لەنێو لایەنگرانیدا بە "قارەمانی" لێکدرایەوە و بووە رووگیربوونێکی گەورە بۆ دامودەزگە ئەمنییەکانی ئیسانیا. 
 
هەر ئەم ساڵ، پۆژیدمۆنت رەتیکردبووە ئەو کات لە نێو سندووقی ئۆتۆمبێلێکدا خۆی شاردبێتەوە بۆ ئەوەی لە سنوور ببپەڕێتەوە. 
 
حکومەتی ئیسپانیا ئەو کات ژمارەیەک لە هاوپەیمانەکانی پۆژیدمۆنتی دەستگیرکرد و سزای بەندکردنی بۆ دەرکردن، تا ئەو کاتەی پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لێخۆشبوونی بۆ دەرکردن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە