سیاسەتڤانێکی کورد لە پارتی دەسەڵات: هێرشی سەر پەنابەران لە ئەنجامی چەند هەواڵێکی درۆ بووە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە بەریتانیا ئەمڕۆژانە دیاسپۆرای کوردی و کۆمەڵگە کۆچبەرییەکانی دیکە دۆخێکی سەختیان هەیە. راستئاژۆ تووندئاژۆکان هەڵمەتێکی تووندی دژە کۆچبەری و ئیسلامییان دەستپێکرد و هێرشیان کردە سەر دامەزراوە و مزگەوت و شوێنی بازرگانیی خەڵکی کورد و کۆچبەرانی نەتەوەکانی دیکە.
 
ئێستا هەڵمەتێکی خۆپیشاندانی ئەوانە دەستیپێکردووە کە دەڵێن رەگەزپەرستی لە بەریتانیا رەتدەکەنەوە و دژی ئەو کارانەی راستئاژۆکانن.
 
بەختیار مام شێخ، سیاسەتڤان لە پارتی کرێکارانی دەسەڵاتدار لە بەریتانیا و ئەندامی شارەوانیی شاهانەی کینزنگتن و چێڵسی لەم بارەیەوە میوانی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند، لە بەریتانیا دەیان مزگەوتی کوردی لێیە و تێیدا خەریکی خزمەتگوزارین، هێرشی سەر پەنابەرانیش لە ئەنجامی چەند هەواڵێکی درۆ روویداوە.
 
بەختیار مام شێخ گوتی، "تاوەکو ئێستا هیچ هێرشێکی راستەوخۆ نەکراوەتە سەر کوردانی بەریتانیا؛ حکومەت و پۆلیسی بەریتانیاش بە تووندی وەڵامی هەڵمەتی راستڕۆکان دەداتەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 راستڕۆ سزا دراون."
 
ئەو سیاسەتڤانە کوردە لە پارتی کرێکارانی دەسەڵاتدار لە بەریتانیا گوتیشی، "تاوەکو ئێستا نزیکەی 200 کەس بە تاوانی بەشداری لە هەڵمەتەکە دەستبەسەر کراون، هەروەها پۆلیسی بەریتانیا نزیکەی 700 کەسیشی دەستنیشان کردووە کە دەستیان لە هێرشی سەر کۆچبەراندا هەیە."
 
بەختیار مام شێخ روونیکردەوە، حکومەتی بەریتانیا 22 ملیار پاوەند کورتهێنانی هەیە لە بودجەی ئەم ساڵدا، بۆیە دۆخی ئابووری کاریگەریی لەسەر هەڵمەتی راستڕۆکان دەبێت.