دەوڵەمەندترین ژنی ئاسیا لە دوو ساڵدا زۆرترین سامانی لەنێو ملیاردێرەکانی جیهان لەدەستداوە

10-08-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دەوڵەمەندترین ژنی ئاسیا بەهۆی قەیرانی خانووبەرەی چینەوە لە دوو ساڵدا زۆرترین سامانی لەدەستداوە لەنێو ملیاردێرەکانی جیهان.
 
یانگ هویان، ژنە ملیاردێرێکی چینیی تەمەن 41 ساڵان و خاوەنی کۆمپانیای کانتری گاردن [باخچەی وڵات]ـە لە بواری خانووبەرە؛ لە مانگی حوزەیرانی 2021ـەوە سامانەکەی 84٪ کەمبووەتەوە. بەپێی پێنوێنی بلومبێرگیش بۆ ملیاردێرەکان، تەنیا سێشەممەی رابردوو، 8.2٪ـی سامانەکەی لەدەستداوە.
 
رۆژی دووشەممە، 7.8.2023 کانتری گاردن شکستی هێنا لە دانەوەی رێژەی سوودی ساڵانەی سەر بۆندەکانی، بەوەش ئەگەر لە ماوەی مانگێکدا نەتوانێت پارەی ئەو سوودە بدات، بۆ یەکەمجار لە جێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکانی شکست دەهێنێت و مەترسیی مایەپووچبوونی دەکەوێتە سەر.
 
لە مانگی حوزەیرانی 2021ـدا سامانی یانگ 28 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی خانووبەرەی چینەوە ئێستا سامانەکەی تەنیا پێنج ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە. ئەوەش بەپێی پێنوێنی بلومبێرگ بۆ ملیاردێرەکان، گەورەترین کەمبوونەوەیە لە سامانی ملیاردێرێک لەو ماوەیەدا.
 
سەرچاوەی سەرەکیی سامانی یانگ پشکەکانی کۆمپانیاکەیەتی، کە لەمساڵدا بەهۆی قەیرانی خانووبەرەی چینەوە نزیکەی 60٪ دابەزیون. ئەمە لەکاتێکدایە لە ساڵی رابردوودا داهاتی کۆمپانیاکەی گەیشتە 430 ملیار یوانی چینی کە دەکاتە 60 ملیار دۆلاری ئەمریکی.
 
لە ساڵی 2017ـدا بە هەمان شێوە سامانی هیو کا یان، ملیاردێر و خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی ئێڤەرگراند لە بواری خانووبەرە هەر بەهۆی قەیرانی ئەو کەرتەوە لە 42 ملیار دۆلارەوە بۆ 3 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار دابەزی کاتیك کۆمپانیاکەی شکستی هێنا لە دانەوەی قەرز و پابەندییە داراییەکانی.
 
لە ساڵی 2020ـدا حکومەتی چین رێکارەکانی سەر قەرزی کەرتی خانووبەرەی تووندکرد، ئەوەش کۆمپانیاکانی تووشی زەحمەتی کرد لە جێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکانیان.
 
هەنگاوەکەی حکومەتی چین بووە هۆی مایەپووچبوونی چەندین کۆمپانیا و هەڵوەشانەوەی چەندین رێککەوتنی وەبەرهێنان بە بڕی ملیاران دۆلار، دروستکردنی هەزاران خانووی نوێشی دواخست.
 
پێش بڕیارەکەی چین، فراوانبوونی خێرای کەرتی خانووبەرە و نیشتەجێبوون، یانگ، هیو و خاوەن کۆمپانیاکانی دیکەی خانووبەرەی کردبووە دەوڵەمەندترین کەسانی چین.
 
مانگی رابردوو یانگ زیاتر لە نیوەی موڵکە تایبەتیەکانی کە بەهاکانیان دەگەیشتە زیاتر لە 826 ملیار دۆلار، بەخشییە رێکخراوێکی خێرخوازی کە خوشکەکەی خاوەندارێتیی دەکات.
 
لە ساڵی 1992 باوکی یانگ بە هاوبەشی کۆمپانیای کانتری گاردنی دامەزراند، پاشان یانگ لە ساڵی 2005 وەک یاریدەدەری باوکی لە کۆمپانیاکە دامەزرا و بەشێک لە پشکەکانی بەناوکرا. دواتریش شوێنی باوکی گرتەوە و بووە تاکە خاوەنی کۆمپانیاکە.
 
یانگ لە تەمەنی 25 ساڵیدا بووە دەوڵەمەندترین ژنی چین، ئەوەش دوای ئەوەی کۆمپانیاکەی لە یەکەمین خستنەڕووی پشکەکانی لە نیسانی 2007ـدا ملیارێک و 650 ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمبوڵانسێک لە شوێنی رووداوەکە. وێنە: AFP

کەسێکی بە رەچەڵەک سعودی پەیوەندیدار بە رووداوەکەی ئەڵمانیاوە دەستگیرکراوە

بەرپرسانی ئەڵمانیا دەڵێن، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی رووداوەکەی مارگدێبورک لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کوژراون گەیشتە 2 کەس و 68 کەسی دیکەش بریندار بوون. پۆلیس تۆمەتبارێکی 50 ساڵی بە رەچەڵەک سعودی دەستگیرکردووە.