لە بەریتانیا یەکەمین هۆتێلی تایبەت بە گوڵ و رووەکەکان کرایەوە

رووداو - هەولێر 

لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، هۆتێلێکی تایبەت بە گوڵ و رووەکەکان کراوەتەوە و تێیدا پێشوازی لەو گوڵانە دەکرێت کە خاوەنەکانیان بە هۆکاری گەشتکردن یان هەر هۆکارێكی دیکە ناتوانن بۆ ماوەیەکی دیاریکراو گرنگی بە گوڵەکانیان بدەن.

کریستا ویسڵ، دانیشتوویێکی لەندەنە و بەنیازە بۆ ماوەیەک بچێتە دەرەوەی وڵات. ئەو دەڵێ "من، تەنیا دەمەوێت گوڵەکەم وشک نەبێت، بۆ ماوەیەک گەشت دەکەم و دڵنیام لێرە باشتر گرنگی پێدەدرێت، بۆیە لەکاتێکدا لێرە نیم، (لەم هۆتێلە) بەجێی دەهێڵم".

کارمەندی هۆتێلەکە باس لە چۆنیێتی گرنگیدان بە گوڵەکان دەکات و کریستا ویسڵیش رەوشەکەی بەدڵە. هەروەها دەڵێ " دراوسێکانیشم پشووی هاوینە وەردەگرن و لێرە نابن، بۆیە بیرم کردەوە و گوتم؛ ئەمە باشترین چارەسەرە".

لەبەرئەوەی بیرۆکەکە نوێیە، هێشتا بەشێکی زۆری دانیشتووانی لەندەن لەگەڵی رانەهاتوون.

فڕانکی ئاسیل، بەڕێوەبەری هۆتێلی گوڵەکان باس لەوە دەکات "بەڕاستی هیوادارم ئەمە زیاتر هانی خەڵک بدات بۆئەوەی گوڵەکانیان بهێننە ئێرە، بەتایبەتی لە لەندەن کە ئاستی پیسبوونی هەوای زۆر بەرزە و زۆربەی کات لە سرووشت دابڕاوین".

خاوەنی پرۆژەکە دەڵێت، جگە لە سوودە داراییەکانی، ئارامکردنی مێشکی خاوەن گوڵەکان لەکاتی گەشتکردنیان، یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی بیرۆکەکەی بۆ کردنەوەی هۆتێلەکە.