رووداو دیجیتاڵ
باڵەخانەی ئایزنهاوەر لە واشنتن دی سی بووەتە شوێنی کۆبوونەوەی بەرپرسان لە هاوپەیمانیی ناتۆ.
یانس ستۆڵتبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ دەڵێت، "ئەم لووتکەیە، لووتکەیەک دەبێت بۆ بەرز راگرتنی سەرکەوتووترین هاوپەیمانی لە جیهاندا؛ لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاری گرنگ لەبارەی داهاتووەوە تێیدا دەدرێت. بڕیارەکان لە بوارەکانی بەرگری، ئۆکراینا، وڵاتانی ئاسیا و رۆژئاوای زەریای هێمن دەبن".
ئەو لووتکە سێ رۆژییە هاوکاتە لەگەڵ 75 ساڵەی دامەزراندنی ناتۆ؛ ئەو هاوپەیمانێتییەی بەقسەی بەرپرسانی رووبەڕووی دوو ئاستەنگی گەورە بووەتەوە. یەکەم، هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و کاریگەرییەکانی؛ دووەم، سیاسەتی چین لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا.
لە سەرەتای دروستبوونیدا لە ساڵی 1949، ناتۆ تەنیا 12 ئەندام بوو. ئێستا بۆ 32 ئەندام زیادیکردووە کە نوێترینیان سوێد و فینلاندن.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "ئێمە هاوپەیمانێتییەکمان هەیە کە لە هەموو کات بەهێزتر و گەورەترە؛ ئامادەیە بۆ هەموو ئەگەرێک و بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئاڵنگارییەکیش".
لووتکەکە لەکاتێکدایە، چەند رۆژێکە پرسی کشانەوەی بایدن لە بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەسەر پارتی دیموکرات گەرمە.
بایدنی تەمەن 81 ساڵ هەوڵدەدات هاوپەیمانانی واشنتن دڵنیا بکاتەوە لەوەی لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی ناکشێتەوە و بانگەشەکانیشی گەرمتر و بەرفراوانتر دەکات بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەسەر رکابەرەکەیدا کە ترەمپە بەدەستبێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ