ناتۆ سیستمی دژە مووشەک دەداتە ئۆکراینا
رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەدەنە ئۆکراینا.
هاوپەیمانیی ناتۆ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ناتۆ پابەندە بە پاراستنی خاکی ئۆکراینا لە بەرامبەر هێرشەکانی رووسیا.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەمریکا، ئەڵمانیا و رۆمانیا سیستمی پاتریۆت بۆ ئۆکراینا دابین دەکەن؛ هەروەها هۆڵەندا و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەندام لەو هاوپەیمانێتییە سیستمێکی دیکەی دژە مووشەکی دەدەنە ئۆکراینا؛ ئیتاڵیاش سیستمی بەرگریی ئاسمانی سامپ تی بۆ ئۆکراینا دابین دەکات.
هەروەها کەنەدا، نەرویج، ئیسپانیا و بەریتانیا سیستمی دیکەی بەرگری بە ئۆکراینا دەدەن.
دوای بڕیارەکەی ئەندامانی ناتۆ؛ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی داواکاریی سەرەکی حکومەتی وڵاتەکەی بووە و نووسی، "داوای سیستمی بەرگریی ئاسمانیی زیاتر بۆ ئۆکراینا دەکەین و بڕوام وایە سەرکەوتوو دەبین؛ هەروەها لە هەوڵداین بۆ بەدەستهێنانی فڕۆکەی جەنگی، لەنێویاندا ئێف-16."
سەرەتای ئەم ساڵ ئۆکراینا رایگەیاند، پێویستی بە حەوت سیستمی دژە مووشەکە، بۆئەوەی لە رێگەیانەوە شکست بە هێرشە مووشەکییەکانی رووسیا بهێنێت.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا، تاوەکو ئێستا ئیدارەی بایدن دوو سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆتی بۆ ئۆکراینا دابینکردووە کە یەکەمیان ساڵی رابردوو و ئەوی دیکەش مانگی رابردوو بوو.
مانگی رابردوو وەزارەتی بەرگریی رۆمانیا رایانگەیاند، سیستمێکی پاتریۆت دەداتە ئۆکراینای دراوسێی.