راپرسییەک: ترەمپ لە بایدن بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا شیاوترە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەپێی راپرسییەکی نوێ لەبارەی سەرۆکی داهاتوو، ئەمریکییەکان سەرۆکی پێشوویان لە سەرۆکی ئێستایان بە شیاوتر بۆ ئەو پۆستە دەزانن.
 
کەناڵی سی بی ئێس-ی ئەمریکی راپرسییەکی تایبەت بە بەربژێرانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا (دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن) کردووە، لە رووی سیاسی، ئابووری، توانا و وزە و چەندین رووی دیکە هەڵسەنگاندنی بۆ هەردوو کەسایەتییەکە کردووە.
 
دادگاییکردنی ترەمپ گرنگە یان مژارەکانی دیکە؟
 
بەگوێرەی راپرسییەکەی سی بی ئێس، سەبارەت بەوەی ئایا دادگاییکردنی ترەمپ و بە تاوانبارناساندنی گرنگە یان پرسەکانی دیکە، 81٪ی ئەوانەی بەشدارییان لە راپرسییەکە کردووە کێشە ئابوورییەکان بە مژاری سەرەکی و جێگەی گرنگیدان دەزانن، 75٪ هەڵاوسان و گرانی ژیان، 74٪یان رەوشی سیاسی و دیموکراسی نێوخۆی ئەمریکا، لە کاتێکدا 62٪ی خەڵک تاوان و تووندوتیژی بەلایانەوە گرنگ بووە، لە 56٪یان کۆچبەران و ئاسایشی سەر سنووری نێوان ئەمریکا و مەکسیک، لە 52٪یان یاسای تایبەت بە چەک و فرۆشتنی تەقەمەنی گرنگ بووە، تەنیا لە 28٪ی بەشداربووانی راپرسییەکە بیریان لای دادگاییکردنی ترەمپ و بڕیاری بە تاوانبار ناساندنی بووە، بەو جۆرەش پێشبینی دەکرێت دادگاییکردنەکە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نەبێت.
 
ترەمپ و بایدن لە چاوی بەساڵاچوو و بێ بڕوانامەکان
 
راپرسییەکەی سی بی ئێس تەمەنە جیاوازەکانی گرتووەتەوە؛ لە 58٪ی ئەوانەی کە تەمەنیان 65 ساڵ بۆ سەرەوە بووە ترەمپیان پێ باشتر بووە وەک سەرۆک، لە 41٪ی هەمان توێژدا دەنگیان بە بایدن داوە.
 
لە 64٪ی ئەمریکییە سپی پێستەکانی "بێ بڕوانامەی" زانکۆ، ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکایان پێباشە، لە بەرامبەر 36٪ بۆ بایدن.
 
لە بەشێكی دیکەی راپرسییەکەدا پرسیار لە  کۆماری و دیموکراتەکان کراوە، ئایا لە رۆژی دەنگدان دەنگ بە بەربژێری پارتەکەتان دەدەن؟ وەڵامی لە 90٪ی کۆمارییەکان بەڵێ بووە لە بەرامبەر 78٪ی دیموکراتەکان گوتوویانە دەنگ بە بایدن دەدەن.
 
رەشپێست، ژن و سەربەخۆکان
 
لە 81٪ی دەنگدەرە رەشپێستەکان پەسەندی بایدن دەکەن، لە 18٪یان ترەمپیان پێ باشە.
 
لە 54٪ی ژنان باوەڕیان بە سەرۆکایەتی بایدنە؛ لە  بەرامبەر لە 45٪ بۆ ترەمپ، لەنێو سەربەخۆکانیش 50٪ دەنگیان بە بایدن داوە و لە 48 بە ترەمپ.
 
هەر وەک لە بەشی یەکەمی راپرسییەکەدا هاتووە کە پرسە ئابوورییەکان لە پلەی یەکەم دێت لە نێو ئەو مژارانەی کە جێگەی گرنگی دانیشتووانی ئەمریکان؛ لە بەشێكی دیکەی راپرسییەکدا باس لە متمانە و باوەڕی خەڵک کراوە سەبارەت بە باشتر یان خراپتربوونی رەوشی داراییان لەگەڵ هەر یەک لەو بەربژێرانە. لە 42٪یان پێیانوایە ئەگەر ترەمپ هەڵبژێردرێتەوە باری داراییان باشتر دەبێت، ئەو باوەڕە سەبارەت بە بایدن لە 16٪ی بەشداربووانی گرتەوە.
 
بە پێچەوانەشەوە، لە 48٪ی بەشداربووان باوەڕیانوایە ئەگەر بایدن ببێتەوە بە سەرۆک، باری داراییان خراپتر دەبێت، رێژەکە بۆ ترەمپ 31٪ بووە.
 
کامیان شیاوی سەرۆکایەتییە؟
 
هەرچەندە راپرسییەکە چەند بوارێكی جیاجیای ژیانی دانیشتووانی ئەمریکای گرتووەتەوە، بەڵام یەک پرسیاری گشتی و سەرەکیشی تێدا بووە کە وێنەیەکی تاڕادەیەک روون لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی ئەمریکا دەردەخات، ئەویش ئەوەیە بە گشتی ترەمپ یان بایدن شیاوترە ببێتە سەرۆکی ئەمریکا؟ لە 50٪ی بەشداربووان دەنگیان بە ترەمپ داوە، لە بەرامبەر 49٪ دەنگیان بە بایدن داوە.