جیهان
مارین لوپۆن، رێبەری پارتی گردبوونەوەی نیشتمانی و جۆردان باردێلا، سەرۆکی پارتەکە، وێنە: JULIEN DE ROSA / AFP
رووداو دیجیتاڵ
لە فەرەنسا دوای ئەوەی پارتی بەرەی نیشتمانیی راستڕۆ توانی لەم خولەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپادا دەنگی زۆر بەدەست بێنێت، پەرلەمانی ئەو وڵاتە لەلایەن سەرۆکەوە هەڵوەشێنرایەوە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گوتی "بەگوێرەی مادەی 12ـی دەستوورمان، بڕیارم دا هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانتان لە رێگەی دەنگدانەوە دیاری بکەم؛ بۆیە پەرلەمان هەڵدەوەشێنمەوە."
بەرەی نیشتمانی کە لەلایەن مارین لوپێنەوە رابەرایەتیی دەکرێت، رێژەی 31.4٪ـیی دەنگی فەرەنسییەکان و لە کۆی 79 کورسیی فەرەنسا لە پەرلەمانی ئەورووپا، 30 کورسیی پەرلەمانەکەی بردەوە، واتە 12 کورسی زیاتر لە هەڵبژاردنی رابردوو.
مارین لوپێن گوتی، "ئەگەر گەلی فەرەنسا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی داهاتوو پشتگیریمان بکەن، ئێمە ئامادەین دەسەڵات وەربگرین. ئامادەین ئەو وڵاتە بگۆڕین؛ ئامادەین بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی فەرەنسا بکەین؛ ئامادەین کۆتایی بە کۆچی بەکۆمەڵ بێنین. بە کورتی، ئامادەین ئەم وڵاتە بگۆڕین".
سەرکەوتنی راستڕۆکان نیگەرانیی بەشێک لە خەڵکی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەوان دەڵێن، نەدەبوو ماکرۆنیش ئەو بڕیارە بەپەلەیە بدات.
فوئاد خەیات، خۆپیشاندەر "من بە رەچەڵەک لوبنانیم. خەڵکی وەک من، لەسەرووی هەموو شتێکەوە، موسڵمانان، دەبنە قوربانیی یەکەمی گرەوە مەترسیدارەکەی ماکرۆن. ئەگەر بەیانی خۆمان لە وڵاتێک ببینینەوە کە کەسێکی راستڕۆی تووندڕۆ سەرۆکوەزیرانی بێت، کەمینەکان، ژنان و کۆچبەران، زیانمەندی ئەو گرەوە مەترسیدارە دەبن."
پارتەکەی ماکرۆن ناوی (نوێبوونەوە)ـیە و پارتێکی میانڕۆیە؛ لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی ئەورووپادا لە ساڵی 2019، رێژەی 22.4٪ـی دەنگەکانی بردەوە، بەڵام لەم هەڵبژاردنەی دوێنێدا دەنگەکانی بۆ ٪14 کەمیکرد.
لایەنگران و بەربژێرەکانی ماکرۆن دژی راستڕۆکانن و بە مەترسییان دەزانن.
ڤالێری هایەر، بەربژێری پارتی نوێبوونەوە "راستڕۆ تووندڕەوەکان هەڕەشەن بۆ ئەو ئازادی و مافانەی سەتان ساڵ پێش ئێستا بەدەستهاتوون. هەڵبژاردنی راستڕۆ تووندڕۆکان، خەڵک هەژارتر دەکات و باری داراییان لەق دەکات."
جگە لە فەرەنسا، لە هەنگاریا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا و چەندین وڵاتی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا دەنگی راستڕۆکان زیادی کرد، بەڵام هێشتا نەبوونەتە زۆرینە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ