دەنگی راستڕۆ توندڕۆکان لە پەرلەمانی ئەورووپا زیادی کرد، بەڵام میانڕۆکان زۆرینە مانەوە

رووداو دیجیتاڵ

بۆ پارتە راستڕۆ تووندڕۆکانی ئەورووپا، ئێوارەی یەکشەممە ئێوارەی جەژن بوو. ئەو پارتانەی جەخت لە پاراستنی دابونەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکان دەکەنەوە، دژی بەها لیبراڵەکانن و نایانەوێت کۆچبەرانی بیانی بەلێشاو بچنە وڵاتەکانیان، سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا. 
 
پارتە راستڕۆ تووندڕۆکەی جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، کورسییەکانی لە پەرلەمانی ئەورووپادا، پتر لە دووهێندە زیادکرد. میلۆنی دەڵێ "ئەمە پەیامێکە لە لایەن ئیتاڵییەکانەوە بۆ ئێمە کە دەڵێن: بۆ پێشەوە، بۆ پێشەوە."
 
لە ئەڵمانیا، ئەنجامەکان بۆ ئۆلاف شۆڵتزی راوێژکاری وڵاتەکە، بوومەلەرزەی سیاسی بوون. 
 
پارتە چەپەکەی شۆڵتز دوو کورسی لەدەستدا و پارتی راستڕۆی تووندڕۆی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا، پێشی کەوت. ئەم پارتە راستڕۆیە، وێڕای گیرۆدەبوونی بە ژمارەیەک ئابڕووچوون، توانی شەش کورسی زیادبکات.
 
ئەلیس ڤایدێل، سەرکردەی پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا گوتی "دوای هەموو ئەو پێشبینییانەی باسیان لە لەنێوچوون دەکرد، دوای هەموو هێرشەکانی چەند هەفتەی رابردوو، ئێستا ئێمە دووەم گەورەترین هێزین."
 
راستڕۆ توندڕۆکان دەنگیان زیادیکرد، بەڵام ئەو پارتانەی بە زۆرینە و خاوەن قسەی کۆتایی پەرلەمانی ئەورووپا مانەوە، میانڕۆکانن. 
 
لەبەرئەوەی هەستی بە زیادبوونی جەماوەری راستڕۆ تووندڕۆکانی کردبوو، ئۆرسۆلا ڤۆندەرلاینی سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، هەر پێش هەڵبژاردنەکە گوتاری سیاسیی خۆی بەرەو راست گۆڕی، لەوانەش لەسەر کۆچبەران و گۆڕانی کەشوهەوا، پاداشتی ئەوەش، مانەوەی فراکسیۆنە میانڕۆکەی بوو وەکو گەورەترین فراکسیۆن لە پەرلەمانی ئەورووپی. 
 
ئۆرسۆلا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێ "پێکەوە لەگەڵ ئەوانی دیکە، قەڵایەک دژی تووندڕۆکانی راست و چەپ بونیاد دەنێین. دەیانووەستێنین."
 
یەکێتیی ئەورووپا کە لەسەر تەپ و تۆزی رووخانی ئەڵمانیای نازی و ئیتاڵیای فاشی دروستبوو، بۆ ماوەی چەندین دەیە توانی راستڕۆ تووندڕۆکان لە پەراوێزدا بهێڵێتەوە و رێگەنەدات بگەنە چەقی سیاسەتەکەی. ئێستا کە سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە، دەتوانن ببنە یاریزانی سەرەکیی دیاریکردنی سیاسەتی پێنج ساڵی داهاتووی یەکێتییەکە.