تورکیا گووگڵ سزا دەدات
رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی چاودێریی تورکیا رایگەیاند، بەهۆی خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیی دابینکردنی خزمەتگوزارییە ئۆنڵاینەکانیان تایبەت بە سێرچکردنی هۆتێلەکانی تورکیا لەسەر هێڵی ئینتەرنێت، بڕیاریداوە 482 ملیۆن لیرە (14.8 ملیۆن دۆلار) سزای کۆمپانیای گووگڵ بدات.
هەروەها ئەو دامەزراوە تورکییە دەڵێت، "سەرەڕای پێگە بەهێزەکەی گووگڵ لە بواری بازاڕی خزمەتگوزاری گەڕانی ئۆنڵاین، بەڵام لە هەندێ کاتدا، ئەوان رەچاوی رێکارە نێوخۆییەکانی تورکیای نەکردووە و ئەمەش ئەرکی کۆمپانیا خۆماڵییەکانی زەحمەتتر کردووە و رکابەرایەتییەکەی ناهاوسەنگ کردووە".
دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن، چەند جارێک گووگڵیان ئاگادار کردووەتەوە تاوەکو ببێتە بەشێک لە بازاڕی خزمەتگوزاری ئۆنڵاین نێو تورکیا و نەک بەجیا و لەدەرەوەی رکابەرایەتییە نێوخۆییەکان کار بکات، بەڵام گووگڵ ئاگادارکردنەوەکانی پشتگوێ خستووە.
خزمەتگوزاری گەڕانی ئۆنڵاینی گوگڵ، گەورەترین خزمەتگوزاری ئۆنڵاینە لە جیهاندا و بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمپانیاکە بۆ هەر چرکەیەک، 99 هەزار گەڕان دەکرێت، کە دەگاتە هەشت ملیار و 500 ملیۆن گەڕان لە رۆژێکدا.