رووداو دیجیتاڵ
لە کەنار دەریای مۆنترۆس لە رۆژهەڵاتی سکۆتلاند، 114 تۆرباینی پەروانەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی باوە لە بنی دەریای باکووردا جێگیر کراون، بە کارخستنیان کارەبای ملیۆنێك و 600 هەزار ماڵ دابین دەکەن.
جوولیا رۆس، بەڕێوەبەری تۆتال ئینێرجی - لقی بەریتانیا دەڵێت، "پڕۆژەی دەریای سەوز بۆ ئێمە زۆر تایبەتە، چونکە ئەم پڕۆژەیە گەورەترین پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبایە لە رێگەی باوە لە کەنار دەریای سکۆتلاند. چاومان لەوەیە رۆژانە گێگایەک کارەبا بەرهەم بهێنین، ئەوە بڕێكی زۆرە."
پڕۆژەکە هاوبەشە؛ لەنێوان تۆتالی فەڕەنسی و ئێس ئێس ئیی بەریتانییە، 51% بۆ یەکەمیان و 49% بۆ دووەمیان. لە قۆناخی دووەمدا 17 گێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن و تاوەکو 2030 دەیگەیێننە 100 گێگاوات؛ ئەوەش لە چوارچێوەی گەیشتن بە سفر دەردانی کاربۆن لە 2050.
جوولیا رۆس ئەوەشی خستەڕوو، "بۆ ئێمە زۆر گرینگە هەنگاو بەرەو گەیشتن بە سفر کاربۆن بنێین، بەڵام جگە لەوە ئێمە قازانجی داراییشی لێدەکەین، واتە وەبەرهێنان لە وزەی با دەکەین."
بەگوێرەی ئاماری فەرمیی کۆمپانیای تۆتاڵ، کە یەکێكە لە حەوت گەورە کۆمپانیاکانی وزەی جیهان، لە سێ دەیەی داهاتوودا نزیکەی 50%ی داهاتی کۆمپانیاکە لە رێگەی فرۆشتنی وزەی پاک و نوێبووەوە دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ