یەکەمین رەشپێست وەک فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا هەڵبژێردرا


رووداو - هەولێر

لەگەڵ بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانی بەشێکی رەشپێستەکانی ئەمریکا کە داوای دادپەروەری دەکەن، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بەکۆی دەنگ، یەکەمین رەشپێستی وەک فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا هەڵبژارد.
 
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 9-6-2020 لە دانیشتنێکیدا بە 98 دەنگی بەڵێ و 0 دەنگی نەخێر، ژەنەڕاڵ چالس بڕاونی وەک فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا هەڵبژارد.
 
ژەنەڕاڵ چالس بڕاون پێشتر فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکابووە لە پاسیفیک و هاوکات یەکەمین کەسی ئەفریقی- ئەمریکییە کە ببێتە فەرماندەی گشتیی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا.
 
بەدەر لە چالس بڕاون، پێشتر کۆڵن پاوڵ، یەکەمین ئەفریقی- ئەمریکی بووە کە بەرزترین پۆستی سەربازی هەبێت لە ئەمریکا، ئەوەش کاتێک لە ساڵی 1989 بووە سەرۆکی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپا هاوبەشەکانی ئەمریکا و دواتریش وەزیری دەرەوە.
 
هەڵبژاردنی  ژەنەڕاڵ چالس بڕاون وەک فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە ئێستا شەپۆلێکی ناڕەزەیی لە ئەمریکا لەدژی رەگەزپەرستی و جیاکاریی بەرامبەر بە رەشپێستەکان دەستیپێکردووە. رەشپێستەکان داوای دادپەروەری و نەهێشتی جیاکارییەکان دەکەن.
 
خۆپێشاندان و داواکارییەکانیش لەدوای کوژرانی گەنجێکی رەشپێست بەناوی جۆرج فلۆید بەدەستی پۆلیسێکی سپی پێست لە شاری مینیاپڵس لە ویلایەتی مینیسۆتا لە ئەمریکا زیاتربوون و لە بەشێک لە وڵاتانیش خۆپێشاندان بۆ پشتگیری لە رەشپێستەکان بەڕێوەدەچێت. 
 
جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا رۆژی سێشەممە لەگەڵ خانەوادە و کچە شەش ساڵانەکەی جۆرج فلۆید کۆبووەوە و رایگەیاند، رووداوی کوژرانی فلۆید و کاردانەوەی خەڵک بۆی، جیهان دەگۆڕێت.