سلۆڤینیا پڕۆژەیاسایەک بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتی فەلەستین ئامادە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سلۆڤینیا رایدەگەیێنێت، پڕۆژەیاسایەکییان بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین ئامادە کردووە و چاوەڕێ دەکرێت لە تەممووزی ئەمساڵ پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات.
رۆژی پێنجشەممە 10ـی ئایاری 2024 رۆبەرت گۆلۆپ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤینیا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "پڕۆژەیاسای داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین بەشێکە لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ کۆتاییهێنان بەو درندەییەی لە غەززە هەیە".
لە ئایاری ئەمساڵ سلۆڤینیا چووە پاڵ هەریەک لە ئیسپانیا، ئێرلاند و ماڵتا و رایانگەیاند، کاتێک هەلومەرجێکی گونجاو بۆ دامەزرانی دەوڵەتی فەلەستی دێتە پێش، ئەوان ئامادەن دان بە دەوڵەتەکەدا بنێن.
سەرۆکوەزیرانی سلۆڤینیا لە کۆنفڕانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتیشی: "بەردەوام دەبین چاودێری بەرەوپێشچوونەکانی گفتوگۆی ئاشتی، ئازادکردنی بارمتەکان و چاکسازی لە دەسەڵاتی فەلەستینیدا، ئەگەر ئەوەش رووبدات، ئەوا لەوانەیە ئێمە داننان بە دەوڵەتی فەلەستین خێراتر بکەین."
بەگوێرەی دوایین راپرسی کە لە نیسانی ئەمساڵ لەلایەن رۆژنامەی Dnevnik dailyی سلۆڤینی کراوە، دەرکەوتووە نزیکەی 60٪ـی سلۆڤینییەکان لەگەڵ داننانن بە دەوڵەتی فەلەستین و 20٪ـی دیکەش دژین.
فەلەستینییەکانیش زیاتر لە 10 ساڵە داوایان پێشكێشکردووە بۆ ئەوەی ببنە ئەندامێکی تەواوەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
بەگوێرەی حکومەتی فەلەستینی، کە فەرمانڕەوایی بەشێکی کەرتی رۆژئاوا دەکات، 137 لە 193 ئەندامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێن.
لەنێویاندا ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەفریقا و ناوچەکانی دیکە هەن، بەڵام ئەمریکا، کەنەدا، زۆربەی رۆژئاوای ئەورووپا، ئوسترالیا، ژاپۆن و کۆریای باشووریان تێدا نییە.