هۆشدارییەک لەبارەی کەشوهەوا: ئەگەری هەیە 2024 ریکۆردی گەرمترین ساڵ بشکێنێت

11-05-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ساڵی رابردوو نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "2023 گەرمترین ساڵە لە مێژووی تۆمار کراودا." ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و دامەزراوەکانی تایبەت بە کەشوهەوا هۆشداری دەدەن، "ئەگەری هەیە ساڵی 2024 ریکۆردەکەی 2023 بشکێنێت."
 
یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، گازە گەرمکەرەکانە. پانێڵی نێودەوڵەتیی گۆڕانی کەشوهەوا – IPCC دەڵێت، "ئەگەر هەنگاوی پێویست بۆ بنبڕکردنی گازە گەرمکەرەکان نەنرێت، پلەی گەرمیی جیهان لە بەرزبوونەوەی سێ پلە نزیکدەبێتەوە و گۆڕانی خراپتری کەشوهەوا روودەدات."
 
رێکخراوی کەشناسیی جیهان سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان – WMO بە هەمان شێوە هۆشداری لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی دەدات و دەڵێت، لە چەند دەیەی داهاتوو، پلەی گەرمیی جیهان بە نزیکەی 0.9 بۆ 1.8 پلە لە تێکڕای ئاسایی خۆی زیاتر دەبێت.
 
پەیمانگەی پۆتسدامی ئەڵمانی، کە تایبەتە بە توێژینەوە لە کاریگەریی کەشوهەوا و ئەکادیمیای نیشتمانی بۆ زانست - NAS پێشبینی دەکەن 2024 ببێتە گەرمترین ساڵی مێژوو.
 
بەرپرسان پلەی گەرما بە هەڕەشەیەکی جیدیی سەر تەندروستی دەزانن. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو 2030 مردن بە گەرما 70% زیاد دەکات و گەرما دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی زیاتر. ناوەندی پێشگرتن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکاش دەڵێت، نەخۆشییەکانی پەیوەست بە گەرما لە 2024 زۆر زیاتر دەبن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە