رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، گرنگە گفتوگۆ و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت و بۆ ئەو مەبەستەش چووە بۆ لای سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
رۆژی هەینی 10ی ئایاری 2024 نانسی پیلۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتنی گوت، "پێموایە زۆر گرنگە بۆ ئێمە گفتوگۆکانمان [لەگەڵ هەرێمی کوردستان] بەردەوام بن و گفتوگۆ لێرە و لەوێ هەبێت، بۆیە من چوومە [ژوورەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان] بۆ نیشاندانی رێزی خۆم، ئەوە گرنگە کە ئێمە شاندێکی هاوبەشی کۆماری و دیموکرات بووین و لێرەوە چووین بۆ ئەوێ و بینیمان."
رۆژی 18ی شوباتی 2024 سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی مايكڵ تێرنهر، ئەندامی کۆنگرێس کۆبوونەوە. لەکاتی کۆبوونەوەکەدا، نانسی پیلۆسی لەناکاو خۆی کرد بە ژوورەکەدا و سڵاوێکی گەرمی لە نێچیرڤان بارزانی کرد.
سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، لە قسەکانیدا بۆ رووداو، باسی دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکانی کرد و گوتی، "ئەو هەڵبژاردنەکە ناباتەوە و بەم جۆرە دەبێت."
بڕیارە 5ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بکرێت، کە تێیدا دۆناڵد ترەمپ بەربژێری کۆمارییەکانە و جۆ بایدنیش بەربژێری دیموکراتییەکانە. بەگوێرەی دوایین راپرسییەکان، ترەمپ 44%ی دەنگەکان و بایدنیش 43%ی دەنگەکان بەدەست دەهێنن.
رووداو: چ نیگەرانییەکت لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەوە هەیە ئەگەر دۆناڵد ترەمپ ببێتەوە بە سەرۆک؟ ئەمە چۆن کاریگەریی لەسەر تاوانی چەک دەبێت؟
نانسی پیلۆسی: ئەو هەڵبژاردنەکە ناباتەوە و بەم جۆرە دەبێت.
رووداو: چیت هەیە بۆ ئەو کۆبوونەوانەت و پەیوەندییەکانتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لە میونشن بینیت؟
نانسی پیلۆسی: پێموایە زۆر گرنگە بۆ ئێمە گفتوگۆکانمان [لەگەڵ هەرێمی کوردستان] بەردەوام بن و گفتوگۆ لێرە و لەوێ هەبێت، بۆیەش من چوومە [ژوورەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان] بۆ نیشاندانی رێزی خۆم، ئەوەش گرنگە کە ئێمە شاندێکی هاوبەشی کۆماری و دیموکرات بووین و لێرەوە چووین بۆ ئەوێ و بینیمان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ