ترەمپ: دادوەری کەیسەکەم گەندەڵ و سەرلێشێواوە
رووداو دیجیتاڵ
دادگاییکردنی دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا بەردەوامە. ترەمپ لە 15یەم رۆژی دادگاییەکە گوتی، "دادوەرەکەم گەندەڵ و سەرلێشێواوە."
رۆژی هەینی 10-05-2024 دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە 15یەم رۆژی دادگاییکردنەکەی لە نیویۆرک ئامادەبوو.
ترەمپی 77 ساڵ، چەند رۆژنامەیەکی بەدەستەوە بوو و گوتی، "چەندین رۆژنامەڤان پشتگیریم لێدەکەن و گوتارم بۆ دەنووسن. دادوەری کەیسەکەم گەندەڵ و سەرلێشێواوە. دادوەرەکەم بە جۆرێک سەرلێشێواوە، کەس لە مێژوو شتی وای بە چاوی خۆی نەبینیوە."
ترەمپ هەروەها گوتیشی، "بەڕای ئێوە بۆچی دادگاییکردنی منیان خستووەتە پێش کاتی هەڵبژاردن؟ ئێوە دەیزانن، منیش دەیزانم؛ چونکە ئەوان چەند چەتەیەکی ناپاکن."
دادگەییکردنی ترەمپ خۆی لە چەندین تۆمەت و تاوان دەبینێتەوە. گرنگترینیان، پێدانی پارەی بەرتیلە بە ستۆرمی دانیەڵز، ئەکتەری فیلمە رووتەکان لە 2016 بۆئەوەی باسی پەیوەندیی سێکسیی خۆی و ترەمپ نەکات.
ئەکتەرە ئەمریکییەکە دەڵێت، "ئەو و ترەمپ لە ساڵی 2006 سەرجێیان کردووە، دوای 10 ساڵ ترەمپ لە رێگەی پارێزەرێک بڕی 130 هەزار دۆلاری پێداوە بۆئەوەی دەنگ نەکات و ئابڕووی نەچێت."
ئەوکات ترەمپ بەربژێری کۆمارییەکان بوو و توانی لە هیلاری کلینتنی بەربژێری دیموکراتەکان بباتەوە و ببێتە سەرۆکی ئەمریکا. دانیەڵز ئەوەش دەڵێت، "من داوام لێنەکردووە پارەم پێبدات تاوەکو بێدەنگ بم."
رۆژی سێشەممە 07-05-2024 ستۆرمی دانیەڵز، بۆ یەکەمجار لە دادگە ئامادەبوو، بۆئەوەی وەکو شایەتحاڵێک قسە بکات. ئەکتەرەکە لە ماوەی قسەکردنیدا وەسفی هەریەک لە "بیجامەی ترەمپ، شۆرتەکەی و جووڵە سێکسییەکانی کرد" و گوتیشی، "کۆندۆمی بەکارنەهێنا."
ستۆرمی ئەوەشی خستەڕوو، "نە بە قسە و نە بە کردار هیچ هەڕەشەیەکی لێ نەکردم. من شەرمەزارم کە قبووڵم کرد و نەمتوانی رەتی بکەمەوە."
خوان مێرچن، ئەو دادوەرەیە کە لە دادگەی مانهاتن لە نیو یۆرک دادگایی ترەمپ دەکات و ترەمپ ئەوی پێ کەسێکی نادادپەروەر و لایەنگرە.
جگە لە کەیسی بەرتیل دان، ترەمپ تۆمەتبارە بە ساختەکردنی چەند دۆسیەیەکی بازرگانی و هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2020 کە لە بەرامبەر بایدن دۆڕاندی.
بڕیارە لە 05-11-2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەبچێت. ترەمپ تاکە بەربژێری کۆمارییەکان و جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، بەربژێری بەهێزی دیموکراتەکانە.
لە دوایین راپرسیدا کە لە 05-05-2024 کراوە دەردەکەوێت، ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت ئەوا ترەمپ ٪46.1ـی دەنگەکان و بایدنیش ٪44.9 بەدەستدەهێنێت.