رووداو دیجیتاڵ
لە کینیا بەهۆی بارانی بەلێزمەوە لافاو دروستبوو و زیانێکی زۆری گیانی و ماڵی بەدوای خۆیدا هێنا؛ تائێستا 228 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیانە مادییەکانیش هێشتا دیارنییە چەندن.
تابیسا کالیب، هاووڵاتی دەڵێت، "لە دەرەوەی ماڵەکانمان دەخەوین و هیچ هاوکارییەکمان پێنەگەیشتووە؛ تەنانەت خێوەتێکیش. هیچ شوێنێکمان نییە خواردنی لێ ئامادە بکەین، ئەمە وامان لێدەکات پەنا ببەینە بەر خواردنی چێشتخانەکان کە زۆر زۆر گرانە و توانای کڕینیمان نییە."
لە ئاداری ئەم ساڵەوە ناوە ناوە لافاو لە ناوچە جیاجیاکانی کینیا دروستبووە، بەڵام ئەمەیان کاریگەرترین بووە. بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی کینیا، 228 کەس مردوون و 72ی دیکەش بێسەروشوێنن، لە 480 هەزار دانیشتووی ناوچەکەش، 250 هەزاریان ئاوارە بوون.
عومەری رەمەزان، هاووڵاتی دەڵێت، "ئەمەی ئەم ساڵ گەورەترە. لافاوی پار چوار رۆژ بەردەوام بوو، بەڵام ئەمجارە 14 رۆژە بەردەوامە و هیچ هیوایەکمان نییە بە دوو بۆ سێ رۆژی دیکەش دۆخەکە چاک ببێت. ناچارین چەند رۆژێکی دیکە لە دەرەوە بمێنینەوە."
بەرپرسانی وڵاتەکە، گۆڕانی کەشوهەوا بە هۆکاری سەرەکیی لافاوەکە دەزانن. زیانی گەورەش بەر جووتیاران کەوتووە.
سلێمان ڤویا عەبوڵڵاهی، هاووڵاتی ئاماژە بەوە دەکات، "خەڵکی ئێرە پشت بە کشتوکاڵ و خەڵووزکردن دەبەستن. کاتێکیش لافاوەکە دروست بوو، کیڵگە کشتوکاڵییەکان لەنێوچوون و رێگەی گەیشتنیش بە چەند ناوچەیەک داخرا. ئەمەش ئاستەنگی بۆ گەیشتنی خواردن و پێداویستی بە هاووڵاتییان دروست کردووە."
کینیا یەکێکە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەفریقا، ساڵانە تێکڕا هەزار ملـلیمەتر باران لەو وڵاتە دەبارێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ