رووداو دیجیتاڵ
پەناخوازان لە شاری مۆنتریاڵ لە هەرێمی کیوبیک لە رۆژهەڵاتی کەنەدا چاوەڕێی وەرگرتنی هاوکارین لەلایەن رێکخراوێکی مرۆییەوە، ئەو پەناخوازە نایاساییانە لە رەوشێکی خراپدان و هیچ ئومێدیکیشیان نییە بۆ باشبوونی دۆخیان.
مارینا، پەناخوازە و دەڵێت، "لە 4ـی مانگی رابردوو، بووە 16 ساڵ بەنایاسایی لە کەنەدا دەژیم. زۆرمان بەم شێوەیە دەژین و دەبێت رێکارێک هەبێت کە پێگەمان لەم کۆمەڵگەیە بگۆڕدرێت و سوودمان بۆ کۆمەڵگەکە هەبێت، چیدیکە لە پشت پەردەوە کار نەکەین."
ئەنیتاش پەناخوازێکی دیکەیە، دەڵێت: "زۆر زەحمەتە دۆخەکە، بەهۆی ئەوەی مۆڵەتی کارکردنم نییە و ناتوانم کار بکەم، هەندێ لە رێکخراوە مرۆییەکان هاوکاریمان دەکەن."
کەنەدا هیوای بە هەزاران پەناخوازی نایاسایی دا لە رێگەی بەرنامەیەکی تایبەتەوە بکرێنە یاسایی، جەستن ترودۆی سەرۆکوەزیران بەڵێنی ئاسانکاریی بۆ پەناخوازان دا، بەڵام لەدوای چەند مانگێک بەرنامەکە هەڵوەشایەوە و ئەمەش هیوای هەزاران پەناخوازانی لەنێوبرد.
بەگوێرەی یاسای کەنەدا، پەناخوازی نایاسایی بۆی نییە کار بکات و مافی وەرگرتنی بیمەی کۆمەڵایەتیشی نییە.
لە کەنەدا نزیکەی 500 هەزار پەناخوازی نایاسایی دەژین. 23٪ـی ژمارەی دانیشتووانەکەی پەنابەرن. ساڵی رابردوو، 468 هەزار پەنابەر روویان لە کەنەدا کردووە و زیاتر لە هەشت ملیۆن پەنابەر و پەناخواز لەو وڵاتە دەژین.
لە چەند ساڵی رابردوودا رای گشتیی کەنەدییەکان لەبارەی پەنابەران گۆڕاوە و بەگوێرەی نوێترین راپرسی 67٪ کەنەدییەکان پێیانوایە ژمارەی پەنابەران لە کەنەدا زۆرە. 24٪یان پێیانوایە پەنابەران رۆڵێکی ئەرێنیان لە کۆمەڵگەدا هەیە.
کارۆل یارۆچیویسکی، چالاکڤانی بواری پەنابەران دەڵێت، "تائەو کاتەی لە روانگەی ئابوورییەوە بڕوانینە کۆچبەر و پەنابەران نەک وەک مرۆڤ، ئەوا بەو واتایە دێت ئێمە دەرفەت نادەین چاکسازیی لە سیستمەکەدا بکەین و رێکارێکی نوی جێبەجێ بکەین تاوەکو ئەو خەڵکە لەو دۆخە رزگار بکەین."
ساڵی رابردوو حکومەتی کەنەدا رایگەیاند، بەهۆی کورتهێنان لە دەستی کار. حکومەت پلانیداناوە تاوەکو ساڵی 2025، زیاتر لە ملیۆنێک و 400 هەزار کۆچبەر وەربگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ