لاڤرۆڤ: ئەمریکا دەیەوێت هێزێک لە گرووپە چەکدارەکانی سووریا بۆ دروستکردنی ناسەقامگیری پێکبهێنێت

10-05-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی رووسیا، ئەمریکا تۆمەتبار دەکات بەوەی دەیەوێت لە گرووپە چەکدارەکانی وەک داعش و چەکداری هۆزە عەرەبەکان لە سووریا، هێزێک دروستبکات و لە رێگەی ئەو هێزەوە ناسەقامگیری لەو وڵاتە دروستبکات.
 
رۆژی چوارشەممە، 10ـی ئایاری 2023، کۆبوونەوەی چوارقۆڵیی نێوان وەزیرانی دەرەوەی رووسیا، تورکیا، سووریا و ئێران لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو. سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە گوتارێکیدا هێرشی کردە سەر رۆڵی ئەمریکا لە سووریا و گوتی، واشنتن دەستیکردووە بە پێکهێنانی هێزێک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و ئامانجیشی لەو کارە تێکدانی سەقامگیرییە. 
 
وەزیری دەرەوەی رووسیا لەو بارەوە گوتی، "ئەمریکییەکان دەستیانکردووە بە پێکهێنانی سوپایەک بەناوی سووریای ئازاد لە نزیک رەققەی سووریا، ئەوەش بە بەشداریی نوێنەرانی هۆزە عەرەبەکانی ناوچەکە و چەکدارانی داعش و رێکخراوە چەکدارییەکانی دیکە؛ ئامانجەکەش روونە کە بریتییە لە بەکارهێنانی ئەو چەکدارانە دژی دەسەڵاتی کۆماری عەرەبی سووریا و دروستکردنی ناسەقامگیری لەو وڵاتە". 
 
ئەو گوتەیە لە کاتێکدایە، رووسیا پاڵپشتی لە حکومەتی سووریا دەکات و ئەمریکاش نزیکەی 900 سەرباز و راوێژکاری سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە هەیە؛ سوپای ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ هەسەدە دەکات و وەک هاوبەشێکی گرنگ لە هەوڵەکانی بۆ نەهێشتنی هەڕەشەی داعش سەیری دەکات. 
 
کۆبوونەوەکە لە کاتێكدایە، چەند مانگێکە دیدار و کۆبوونەوە لەنێوان بەرپرسانی تورکیا و سووریا لەسەر ئاستی جیاواز هەیە و ئامانجێکیش لێیان ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایە. 
 
سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، لاڤرۆڤ پێشنیازی کرد لیژنەیەک لە ژمارەیەک شارەزا پێکبهێندرێت بۆ ئامادەکردنی نەخشەڕێگەیەکی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی تەواوی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی داهاتووی چوار وڵاتەکەدا تاوتوێ بکرێن. 
 
سەبارەی بە بابەتی گەڕاندنەوەی پەناخوازە سووریاییەکان بۆ وڵاتەکەیان، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی پێی باشە پەناخوازانی سووریایی بە شێویەکی ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان لەنێو سووریا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.