رووداو دیجیتاڵ
جین کارۆڵ، ژنە نووسەر و رۆژنامەڤانی تەمەن 79 ساڵی ئەمریکی لە دادگەی فیدراڵی مانهاتن بە خەندەوە هاتەدەرەوە بەهۆی ئەوەی کەیسێکی گێچەڵی سێکسی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بردەوە و بە یاسا 5 ملیۆن دۆلار قەرەبووکردنەوەی بەسەر ترەمپدا سەپاند.
چیرۆکەکەی کارۆڵ بەو جۆرەیە؛ گوایە 27 ساڵ بەر لە ئێستا، ترەمپ لە ژوورێکی خۆگۆڕینی فرۆشگەی بێرگدۆرف گوودمان لە نیویۆرک، دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر.
لاوری ئاربیتەر، لایەنگری کارۆڵە و دەڵێ "ئومێدم هەیە؛ ئازایەتیی ئەو وام لێدەکات بەهێز بم. کارۆڵ وایکرد بڕوا بکەم دەکرێت یەکبگرین و رێگری لە دەستدرێژی سێکسی و دەستدرێژیکاران بگرین. ئەو پیاوە پەلاماردەرێکی سێکسییە".
دۆناڵد ترەمپ تۆمەتەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەو ژنە هەر ناناسێت. رەخنەی تووندیش لەوە دەگرێت دادگە رێگەی نەداوە لەبەردەم رای گشتیدا بەرگری لە خۆی بکات و بڕیاری دادگەی مانهاتنیش بە ناڕەوا دادەنێت.
هەرچەندە لای بەشێکی زۆری خەڵک، ئەم بڕیارەی دادگە و ناساندنی ترەمپ بە گێچەڵکاری سێکسی، وەک شکست بۆ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لێکدەدرێتەوە، بەڵام چونکە دادگە ئەوەی رەتکردەوە ترەمپ دەستدرێژیی سێکسی کردبێت، پارێزەرانی ترەمپ خۆیان بە براوە دادەنێن.
جۆ تاکۆپینا، پارێزەری دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئەم کەیسەوە دەڵێ "دەزانیت، ئەوەی بۆ من گرنگە ئەنجامەکەیە و دواجار ئەو راستییەمان بۆ دەرکەوت. بە دڵنیاییەوە زۆر دڵخۆشم دۆناڵد ترەمپ بە دەستدرێژیکاری سێکسی نەناسرا".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بەربژێری لەپێشینەی پارتی کۆمارییە بۆ هەڵبژاردنەکانی 2024ـی ئەمریکا.
ترەمپ، لە ماوەی رابردووشدا ژمارەیەک تۆمەتی دیکەی پەیوەست بە پەیوەندیی سێکسی خراوەتە پاڵ و دەڵێ، تۆمەتەکان مەبەستی سیاسییان لە پشتەوەیە و ئەوانەی ئەو کارە دەکەن، دەیانەوێت رێگری لە خۆهەڵبژاردنەوەی بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ