ئیلۆن مەسک: پەیوەندی ڤیدیۆیی و دەنگی بۆ تویتەر زیاددەکەین

رووداو دیجیتاڵ

ئیلۆن مەسک، سەرمایەدار و خاوەنی کۆمپانیای تویتەر دەڵێت، لە ماوەیەکی کورتدا خزمەتگوزارییەکی نوێ بۆ تویتەر زیاد دەکەن و بەکارهێنەرانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە دەتوانن بەهۆیەوە پەیوەندی ڤیدیۆیی و پەیوەندی دەنگی ئەنجام بدەن.
 
رۆژی سێشەممە 9ـی ئایاری 2023، ئیلۆن مەسک رایگەیاند "لە داهاتوویەکی نزیکدا، خزمەتگوزاری ئەنجامدانی پەیوەندی ڤیدیۆیی و دەنگی دەخەینە بەردەست بەکارهێنەرانی تویتەر؛ ئەوان دەتوانن لەگەڵ هەموو جیهان قسە بکەن بێ ئەوەی ژمارەی مۆبایل بەکاربهێندرێت".
 
مەسک ئەوەشی راگەیاند، لە رۆژی چوارشەممە 10-5-2023ـەوە تایبەتمەندییەکی نوێ بۆ تویتەر زیاد دەکەن و رێگە بە بەکارهێنەرانی تویتەر دەدەن بەبێ ئەوەی فۆڵۆوی یەکدییان کردبێت، بتوانن نامە بگۆڕنەوە. 
 
مەسک دەڵێ خزمەتگوزاری نامەناردنی وەتسئەپ کە لەلایەن کۆمپانیای مێتاوە خاوەندارییەتی دەکرێت، "جێگای متمانە نییە".
 
هەروەها باسی ئەوە دەکات خزمەتگوزارییە نوێیەکەی تویتەر رکابەری هەریەکە لە مێسنجەر، سیگناڵ، تێلێگرام و وەتسئەپ دەکات. 
 
ساڵی رابردوو ئیلۆن مەسک بە بەهای 44 ملیار دۆلار خاوەندارییەتی کۆمپانیای تویتەری بەدەستهێنا و لەو ماوەیەدا چەندین گۆڕانکاریی ریشەیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەدا کردووە و بەشێک لەو گۆڕانکارییانەش بوونەتە جێی نیگەرانیی بەکارهێنەرانی تۆڕەکە. 
 
هێمای شین، واتا هێمای پشتڕاستکردنەوە لەلایەن توویتەرەوە، پێش ئەوەی ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە بکڕێت، بەو بەکاربەرانە دەدرا کە رۆژنامەڤان، بەرپرسی حکومی یان کەسایەتیی ناودار بوون و بەخۆڕاییش بوو، بەڵام بۆ بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر و وەک سیاسەتێکی نوێ، تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵدا بڕیاریدا هێمای پشتڕاستکردنەوە بە پارە بداتە بەکارهێنەران و هەر بەکارهێنەرێکیش پێویستە مانگانە 8 دۆلار بە کۆمپانیاکە بدات لە بەرامبەر بەدەستهێنانی هێماکە.
 
لە دوایین گۆڕانکارییەکانیشدا رۆژی دووشەممە 8-5-2023 مەسک رایگەیاند، هەموو ئەو هەژمارانەی ماوەیەکی زۆرە ناکاران، لە تویتەر دەسڕدرێنەوە.