بەهۆی لافاوەوە لە رووسیا و کازاخستان زیاتر لە 110 هەزار کەس ئاوارە بوون

10-04-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووباری ئۆرال، لافاو لە چەند ناوچەیەکی رووسیا و کازاخستان دروستبوو و بەهۆیەوە زیاتر لە 110 هەزار کەس دەربەدەر بوون.
 
زیاتر لە پێنج رۆژە بەهۆی خێرا توانەوەی بەفری سەر رووباری ئۆرال کە بەنێو رووسیا و کازاخستاندا تێدەپەڕێت و بڕێکی زۆری ئاوی رژاندووەتە نێو شارەکانی کەنار رووبارەکە، هەردوو وڵاتەکە باری نائاساییان راگەیاندووە. 
 
رۆژی سێشەممە، 10ـی نیسانی 2024، وەزارەتی فریاگوزاری کازاخستان رایگەیاند، بەهۆی روودانی لافاوەوە تەنیا لە کازاخستان زیاتر لە 97 هەزار کەس ئاوارە بوون، لەو ژمارەیەش لانیکەم 12 هەزاریان بردراونەتە رووسیا.
 
باشووری چیاکانی ئۆرال کە دەکەوێتە دووری 1,200 کیلۆمەتری رۆژهەڵاتی مۆسکۆ زۆرترین کاریگەری لافاوەکەی لەسەرە و بەرپرسان رایانگەیاندووە، هێزەکانی بەرگریی شارستانی لەو ناوچانە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. 
 
لە کازاخستانیش ناوچەکانی رۆژهەڵات و باکووری وڵاتەکە زۆرترین کاریگەری لافاوەکەیان لەسەر بووە. دەرگای قوتابخانەکان داخراون و داوا لە خەڵک کراوە لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە. 
 
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا – کرێملن رایگەیاند، لەو شارانەی رووسیا کە دەکەونە سەر رووبارەکە زیاتر لە 12 هەزار کەسییان گواستووەتەوە ناوچەکانی دوور لە رووبارە. 
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی بەرپرسانی رووسیا و کازاخستان بڵاویانکردووەتەوە، لە هەردوو وڵات زیاتر لە 550 هەزار خانوو بەر لافاوەکە کەوتوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە