پۆڵەندا دژی یاسای نوێی کۆچبەری یەکێتیی ئەورووپا دەوەستێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا رایدەگەیێنێت، حکومەتی وڵاتەکەی کار دەکات بۆ ئەوەی رێگری لەوە بکات بەگوێرەی یاسا نوێیەکەی یەکێتیی ئەورووپا کۆچبەران بەسەر وڵاتانی یەکێتییەکە دابەش بکرێن.
 
رۆژی چوارشەممە، 10ـی نیسانی 2024، دۆناڵد تەسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە وارشۆی پایتەختی وڵاتەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئێمە، پۆڵەندا دژی میکانیزمی گواستنەوەی کۆچبەران دەپارێزین".
 
سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا دەشڵێت، "ئەگەر هەیە کە ئێمە هاوپەیمانیەتییەک دژی ئەو میکانیزمە دروست بکەین یان لە بەرامبەر وەرنەگرتنی کۆچبەران پارە بدەین، بەڵام بەدڵنیاییەوە پۆڵەندا ئەو میکانیزمە جێبەجێ ناکات".
 
رۆژی چوارشەممە، 10ـی نیسانی 2024، پەرلەمانی ئەورووپا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسایەکی نوێی کۆچبەری لە یەکێتییەکە پەسند کرد.
 
مەبەست لە پڕۆژەیاسا نوێیەکەی یەکێتیی ئەورووپا ئەوەیە کە کاریگەرییەکانی کۆچبەرانی نایاسایی لەسەر وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە کەم بکرێتەوە، رەوانەکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی داواکارییەکەیان رەتکراوەتەوە، خێراتر بکرێت.
 
بۆ ئەوەی پڕۆژەیاساکە ببێتە یاسا و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە دەبێت لەلایەن وەزیرانی دەرەوەی ئەندام لە یەکێتییەکە پەسند بکرێت، لە ئەگەری پەسندکردنیشی لە سەرەتای ساڵی 2026 جێبەجێ دەکرێت.
 
بەگوێرەی پڕۆژەیاسا نوێیەکە، ئەو کۆچبەرانەی بەشێوەیەکی نایاسایی دەچنە نێو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، دەبێت لەماوەی حەوت رۆژدا هەموو پشکنینە پێویستەکانی وەکو پشکنینی تەندروستی، پشکنینی ئەمنیی و بایۆمەترییان بۆ بکرێت. 
 
ئامانجی ئەو رێکارەش ئەوەیە ئەو کۆچبەرانە دیاری بکرێن، کە پێویستە پرۆسەی داواکاری مافی مانەوەیان خێراتر بکرێت و ئەو کۆچبەرانەشی کە دەبێت رەوانەی وڵاتانی خۆیان بکرێنەوە. 
 
لە پڕۆژەیاساکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دەبێت کار بە میکانیزمی بەرپرسیارییەتی هاوبەش بکرێت کە تێیدا هەموو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە بەرپرسیاری هاوبەشییان هەیە لە وەرگرتنی ژمارەی کۆچبەران و دەبێت بە یەکسانی کۆچبەران وەربگرن.