سوێد دەسەڵاتی پۆلیس فراوانتر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی سوێد بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسایەکی پەسند کرد، کە تێیدا دەسەڵاتی پۆلیس فرانتر دەکات و رێگە بە پۆلیس دەدات، لە چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە بەبێ فەرمانی دادوەر بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران بگەڕێت.
رۆژی چوارشەممە، 10ـی نیسانی 2024، پەرلەمانی سوێد بە 151 دەنگی بەڵێ و 148 دەنگی نەخێر دەنگی بە پڕۆژەیاساکە دا، کە تێیدا پۆلیس دەستکراوە دەکات بۆ ئەوەی چەند ناوچەیەکی تایبەت رابگەیێنێت، کە تێیدا بتوانێت بەبێ فەرمانی دادوەر بەدوای تۆمەتباراندا بگەڕێت.
ئەو بڕیارە لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا سوێد بەهۆی تووندووتیژی نێوان باندەکان رووبەڕووی چەندین کێشە بووبووەوە.
گونار سترۆمەر، وەزیری دادی سوێد بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "لەکاتێکدا هیچ گومانێکیش لە بوونی تاوانێک نەبێت، پۆلیس دەتوانێت بەگوێرەی ئەزموونی خۆی بگەڕێت".
وەزیری دادی سوێد ئاماژەی بەوە کرد، پۆلیس دەتوانێت گەڕان و پشکنین بۆ منداڵانیش بکات و گوتی، "پۆلیس دەتوانێت بەبێ فەرمانی دادوەر لێپێچینەوە لەگەڵ کەسێکدا بکات کە پێشتر لە تاوانی گەورە تێوەگلاوە یان کەسێک کە بەشێوازێک خۆی گۆڕیبێت، کە بیەوێت بەشێوازێکی جیاواز رەفتار بکات".
هەروەها لە پڕۆژە یاساکەدا هاتووە، پۆلیس دەتوانێت لەسەر بنەمای لەبەرکردنی جل لێکۆڵینەوە لەگەڵ کەسەکاندا بکات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بەشێک لە باندە تاوانکارییەکانی سوێد بە جلە تایبەتەکانیان دەناسرێنەوە.
پڕۆژەیاساکە لە ئایاری ئەمساڵ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت و ئەگەری درێژکردنەوەشی هەیە.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی پۆلیسی سوێد بڵاویکردوونەتەوە، ساڵی رابردوو 363 رووداوی تەقەکردن لە سوێد روویداوە، بەوهۆیەوە 53 کەس کوژراون. هەروەها 149 بۆمبی چیندراویش لە وڵاتەکە دانراون.