پەرلەمانی ئەورووپا بە زۆرینەی دەنگ یاسای نوێی کۆچبەرانی پەسند کرد

رووداو دیجیتاڵ
 
یەکێتی ئەورووپا پڕۆژەیاسایەکی مشتوومڕهێنی لەبارەی چاکسازی لە سیستمی پەنابەری بۆ کەمکردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی تێپەڕاند.
 
بەگوێرەی یاساکە چاوپێخشاندنەوە بە کەیسی کۆچبەران خێراتر دەکرێت و ئەوانەشی کەیسەکەیان رەتدەکرێتەوە رەوانەی وڵاتانی خۆیان دەکرێنەوە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 10ـی نیسانی 2024، پەرلەمای ئەورووپا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسایەکی نوێی کۆچبەری لە یەکێتییەکە پەسند کرد.
 
مەبەست لە پڕۆژەیاسا نوێیەکەی یەکێتی ئەورووپا ئەوەیە کە کاریگەرییەکانی کۆچبەرانی نایاسایی لەسەر وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە کەم بکرێتەوە، رەوانەکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی داواکارییەکەیان رەتکراوەتەوە، خێراتر بکرێت.
 
بۆ ئەوەی پڕۆژەیاساکە ببێتە یاسا و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە دەبێت لەلایەن وەزیرانی دەرەوەی ئەندام لە یەکێتییەکە پەسند بکرێت، لە ئەگەری پەسندکردنیشی لە سەرەتای ساڵی 2026 جێبەجێ دەکرێت. 
 
لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەورووپا لە برۆکسێلی پایتەختی بەلجیکا، 160 گرووپ و رێکخراوی داکۆکیکار لە مافەکانی کۆچبەران گردبوونەوە و دژی یاسا نوێیەکە وەستانەوە.
 
گۆڕانکارییەکان چین؟
 
بەگوێرەی پڕۆژەیاسا نوێیەکە، ئەو کۆچبەرانەی بەشێوەیەکی نایاسایی دەچنە نێو وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا، دەبێت لە ماوەی حەوت رۆژدا هەموو پشکنینە پێویستەکانی وەکو پشکنینی تەندروستی، پشکنینی ئەمنیی و بایۆمەترییان بۆ بکرێت. 
 
ئامانجی ئەو رێکارەش ئەوەیە ئەو کۆچبەرانە دیاری بکرێن، کە پێویستە پرۆسەی داواکاری مافی مانەوەیان خێراتر بکرێت و ئەو کۆچبەرانەشی کە دەبێت رەوانەی وڵاتانی خۆیان بکرێنەوە. 
 
لە پڕۆژەیاساکەدا هاتووە، کۆچبەری ئەو وڵاتانەی کە بە وڵاتی سەلامەت هەژمار کراون دەبێت بەخێرایی رەوانەی وڵاتانی خۆیان بکرێنەوە.
 
بەرپرسیارییەتی هاوبەش
 
لە پڕۆژەیاساکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دەبێت کار بە میکانیزمی بەرپرسیارییەتی هاوبەش بکرێت کە تێیدا هەموو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە بەرپرسیاری هاوبەشییان هەیە لە وەرگرتنی ژمارەی کۆچبەران و دەبێت بە یەکسانی کۆچبەران وەربگرن. 
 
لە ماوەی رابردوو ناکۆکی لەنێوان بەشێک لە وڵاتانی ئەندام لە یەكێتییەکە سەبارەت بە وەرگرتنی ژمارەی کۆچبەران هەبوو، ئەوەش ناڕەزایەتی ئیتاڵیا، یۆنان و ماڵتای لێکەوتبووەوە.
 
لە پڕۆژەیاسا نوێیەکە، وڵاتانی دیکەی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا ناچار دەکرێن ئەگەر کۆچبەرانیش لەخۆنەگرن، ئەوا یارمەتی ئەو وڵاتانە بدەن کە ژمارەیەکی زۆری کۆچبەران روویان تێدەکەن.
 
زیادبوونی کۆچبەران
 
ئاژانسی پەنابەرانی یەکێتیی ئەورووپا رایدەگەیێنێت، ساڵی رابردوو زیاتر لە 1.14 ملیۆن کەس لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا داوای مافی مانەوەیان کردووە، ئەوەش بە زۆرترین ژمارەی پەناخوازان دادەنرێت، لە دوای ساڵی 2015ـەوە. 
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی دەزگاکە بڵاوی کردوونەتەوە، ساڵی رابردوو یەک ملیۆن و 14 هەزار و 618 کەس لە یەکێتییەکە داوای مافی مانەوەیان کردووە و بەراورد بە ساڵی 2022 ژمارەکە 18٪ زیادیکردووە، کە لەو ساڵەدا 966,107 کەس داوای مافی مانەوەیان لە یەکێتییەکە کردبوو. 
 
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لەنێو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا، زۆرترین کەس لە ئەڵمانیا داوای مافی مانەوەیان کردووە، کە زۆربەیان خەڵکی سووریا، ئۆکراینا و ئەفغانستانن و ژمارەیان 334,000 کەس بووە.  
 
ئاژانسەکە دەشڵێت، 4.4 ملیۆن پەنابەری ئۆکراینی لە ساڵی رابردوو بەهۆی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا ناچار بوون وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن و رووبکەنە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا.