هاونیشتمانییەک و هاوژینەکەی بە تۆمەتی کۆیلەکردنی دوو کچە کوردی ئێزدی لە ئەڵمانیا دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ
 
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا دەڵێت، دوو کەسیان بە تۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخراوی داعش، جینۆساید، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ دەستگیرکردووە و تۆمەتی ئەوەیان لەسەرە کە دوو کچی کوردی ئێزدییان لە عێراق و سووریا بە کۆیلە کردووە. 
 
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هەردوو تۆمەتبارەکە هاووڵاتی عێراقین و رۆژی سێشەممە لە هەرێمی باڤاریا لە ئەڵمانیا دەستگیرکراون.
 
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەکات، یەکێک لە کچەکان تەمەنی 5 ساڵ و ئەوی دیکەیان 12 ساڵ بووە و دوو تۆمەتبارەکەش لە ساڵی 2015 تاوەکو 2017 لە عێراق و سووریا تاوانەکەیان کردووە و دوای جێهێشتنی سووریاش لە تشرینی دووەمی 2017دا کچە ئێزدییەکانیان بە چەکدارانی رێکخراوە پەڕگیرەکە داوە. 
 
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا رەتیکردووەتەوە ناسنامەی دوو تۆمەتبارەکە بە تەواوی ئاشکرا بکات، بەڵام ئەوەندە روونە کە هاوژینن و یەكێکیان ناوی توانا و ئەوی دیکەیان ناوی ئاسیایە.
 
توانا کوردی خەڵکی باشووری کوردستانە و داواکاری گشتیی ئەڵمانیا دەڵێت، دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر ئەو دوو کچە و ژنەکەشی ماکیاژی بۆ یەکێک لەو کچانە کردووە و بۆ هاوژینەکەی ئامادەی کردووە. 
 
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کردووە، دوو کچە کوردە ئێزدییەکە تووندوتیژییان بەرامبەر کراوە، لێیان دراوە و بەزۆر کاری ماڵەوەیان پێکراوە. 
لە راگەیێندراوەکەی داواکاری گشتیی ئەڵمانیادا هاتووە، "هەموو ئەو کارانەی بەرامبەر بەو ئێزدیانە کراون لە چوارچێوەی ئەو ئامانجەدا بووە کە ئایینی ئێزدی لەنێوبەرن".
 
لە تەممووزی رابردووشدا داواکاری گشتیی ئەڵمانیا ژنێکی ئەڵمانی بەتۆمەتی "بەکۆیلەکردن"ـی کچێکی کوردی ئێزدی بە 14 ساڵ زیندانیکردن سزادا. 
داعش لە سەرەتای ئابی 2014 هێرشی کردە سەر شنگال، کوردانی ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد و 6,417 کەسی رفاند. تاوەکو ئێستا 3 هەزار و 575 کەسیان ئازادکراون.