رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جەژنی رەمەزان لە موسڵمانانی جیهان پیرۆز دەکات و نیگەرانە لەو دۆخەی لە چەند وڵات و ناوچەیەک هەیە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکدا بە بۆنەی جەژنی رەمەزنەوە دەڵێت، "ساڵانە لەم رۆژەدا جەژنە پیرۆزە لە کۆمەڵگەی موسڵمان لە سەرانسەری جیهان دەکەم".
سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانیی خۆیشی دەردەبڕێت لەو دۆخەی لە بەشێک وڵات و ناوچە زۆرینە موسڵماننشینەکانی جیهان هەیە و گوتی، "خەمبارم کاتێک دەبینم لە غەززە، سوودان و چەندین شوێنی دیکە ژمارەیەکی زۆر موسڵمان ناتوانن بە رێکوپێکی جەژن بکەن، ئەوەش بەهۆی شەڕ و ململانێوە."
ئەم گوتەیەی گۆتێرێز لەکاتێکدایە، لە 7-10-2023ـوە جەنگ لەنێوان سوپای ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بەردەوامە و بەو هۆیەوە زیاتر لە 33 هەزار کەس لە غەززە کوژراون، کە 13 هەزار و 800 کەسیان منداڵ بوون و زیاتر لە 75 هەزار کەسی دیکە بریندار بوون.
لە ئیسرائیلیش 1200 کەس کوژراون و 14 هەزار و 793 کەسی دیکەش بریندار بوون.
شەڕی نێوخۆی سوودانیش لە 15-4-2023ـوە دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 8.5 ملیۆن کەس ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبێڵن. یەک ملیۆن و 800 هەزار کەس لەوان چوونەتە وڵاتانی دراوسێ.
ژمارەی دانیشتووانی جیهان زیاتر لە 8 ملیار و 102 ملیۆن کەسە و لەو ژمارەیە زیاتر لە 1 ملیار و 900 ملیۆن کەسیان موسڵمانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ