بەڵگەنامە دزەپێکراوەکانی پێنتاگۆن دەریدەخەن چۆن ئەمریکا سیخوڕیی بەسەر یار و نەیارییەوە کردووە

10-04-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڵگەنامە نهێنییەکانی پێنتاگۆن کە لە چەند هەفتەی رابردوودا لەسەر ئینتەرنێت دزەیان پێ کرا، پێشانیدەدن، ئەمریکا بێ جیاوازی، سیخوڕیی بەسەر یار و نەیارەکانییەوە کردووە. بەرپرسانی ئەمریکا پەشۆکاون، دەترسن ئاشکرابوونی ئەم نهێنییانە پەیوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتەکەیان بخاتە مەترسییەوە. 
 
بەشێک لە بەڵگەنامەکان، کە بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، "راستەقینەن"، ئاشکرای دەکەن، ئەمریکا چۆن سیخوڕیی بەسەر هاوپەیمانە هەرە گرنگەکانییەوە کردووە، لەوانەش کۆریای باشوور، ئیسرائیل و ئۆکراینا. 
 
بەشێکی دیکەی بەڵگەنامەکان دەریدەخەن، هەواڵگریی ئەمریکا توانیویەتی قووڵایی وەزارەتی بەرگریی رووسیا و گرووپی ڤاگنەر ببڕێت، ئەوەش لە رێگەی سیخوڕیکردن بەسەر پەیوەندییەکانیانەوە، هەروەها لە رێگەی ئەو کەسانەی وەکو سیخوڕ کاریان بۆ واشنتن کردووە. 
 
دوای ئاشکرابوونی بەڵگەنامەکان، چاوەڕێدەکرێت رووسیا ئەو کەلێنانە نەهێڵێت، یان ژیانی ئەوانەی زانیارییان بە ئەمریکا داوە، بکەوێتە مەترسییەوە.  
 
ژمارەیەک بەڵگەنامەی دیکەش خاڵە لاوازەکانی چەک، بەرگریی ئاسمانی و قەبارە و ئامادەیی بەتاڵیۆنەکانی ئۆکراینا ئاشکرادەکەن، لە کاتێکدا کە جەنگەکە گەیشتووەتە قۆناخێکی هەستیار و ئۆکراینییەکان خۆیان بۆ هێرشی پێچەوانە دژی رووسەکان ئامادە دەکەن. 
 
ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتر ئۆکراینا و ئەمریکا دەستیان بە دروستکردنی پەیوەندییەکی هاوبەشی متمانەپێکراو کرد بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی زانیاریی هەواڵگری. 
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکیی گوتووە، بەهۆی دزەپێکردنەکەوە، ناچاربوون بەشێکی پلانە سەربازییەکانیان بگۆڕن. 
 
سابرینا سینگ، جێگری سکرتێری رۆژنامەڤانیی پێنتاگۆن رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، ئەمریکا لەنێو ئاژانسەکانیدا دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ قەبارەی کاریگەرییەکانی دزەپێکردنەکە بکات.
 
سینگ لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "وەزارەتی دەرەوە بەردەوامە لە پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی رەوایەتیی ئەو بەڵگەنامانەی وێنەیان گیراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، کە دیارە بابەتی هەستیار و زۆر نهێنییان تێدایە. هەوڵێکی هاوبەشی نێوان ئاژانسەکان راگەیێندراوە و سەرنجی لەسەر هەڵسەنگاندنی ئەو کاریگەرییانەیە کە ئەم بەڵگەنامانە دەکرێت لەسەر ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا و هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان هەیانبێت." 
 
سینگ هەروەها باسی لەوە کرد، بەرپرسانی ئەمریکا قسەیان لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانی واشنتندا کردووە و "لیژنە پەیوەندیدارەکانی کۆنگرێسیشیان" لە بابەتەکە ئاگادارکردووەتەوە. 
 
ئاشکرابوونی بەڵگەنامە هەستیارەکان، هەروەها پێنتاگۆنی ناچارکردووە دەست بە تووندکردنی رێوشوێنەکانی بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامە هەستیارەکان بکات، کە بەشێوەیەکی ئاسایی رۆژانە بۆ سەدان کەسی نێو حکومەتی ئەمریکا بەردەستن، ئەمە بە گوێرەی سی ئێن ئێن. 
 
میدیا ئەمریکییەکە باس لەوە دەکات، سوپاسالارە هاوبەشەکانی ئەمریکا، کە لە سەرکردە سەربازییەکانی هەرە باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە پێکدێت و راوێژ بە سەرۆکی وڵاتەکە دەدات، پێداچوونەوە بۆ لیستەکانی دەکات بۆ ئەوەی بزانێت ئەو جۆرە بەڵگەنامانە دەگەنە دەستی کێ.
 
زۆربەی بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان ئەو هێمایانەیان لەسەرە کە پیشانیدەدەن لە لایەن باڵی هەواڵگریی سوپاسالارە هاوبەشەکانەوە بەرهەمهێنراون. 
 
سینگ رۆژی هەینی گوتبووی، وەزارەتی بەرگری بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە و وەزارەتی دادیشی ئاگادارکردووەتەوە. 
 
دیپلۆماتەکان تووڕەن
 
وێنەی ئەو بەڵگەنامە نهێنییانە مانگی رابردوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی دیسکۆرد بڵاوکراونەتەوە. لە وێنەکاندا دەردەکەوێت ژمارەیەک بەڵگەنامەی چرچ و لۆچ لەسەر گۆڤارێک دانراون و بە چەندین شتی جیاجیا دەورە دراون. لەوانە زەرفی هەڵگرتنی بەڵگەنامەکان و چەسپ. سەرچاوەیەکی ئاشنا بەو جۆرە بەڵگەنامانە بە سی ئێن ئێنی گوتووە، وەکو ئەوە وایە بە پەلەپەل کۆکرابنەوە و خرابنە گیرفانەوە، پێش ئەوەی لە شوێنێکی پارێزراو ببردرێنە دەرەوە. 
 
گوتەبێژێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی دیسکۆرد رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، لەگەڵ دامودەزگاکانی ئەمریکادا لە هاوئاهەنگیدان بۆ ئەوەی لە لێکۆڵینەوەکەدا یارمەتییان بدەن. 
 
ئەگەرچی سیخوڕیکردن بەشێکی دانەبڕاوەی شێوازی هەواڵگریی ئەمریکایە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لە سەرانسەری جیهان، دیپلۆماتەکانی ژمارەیەک وڵات بە میدیای ئەمریکییان گوتووە، ئاشکرابوونی ئەو نهێنیانە بووەتە هۆی توڕەبوونیان، ئەمە وێڕای ئەوەی زیانی بە ناوبانگی ئەمریکا گەیاندووە. 
 
هاوپەیمانەکانی ئەمریکاش لای خۆیانەوە هەڵسەنگاندن بۆ زیان و کاریگەرییەکانی دزەپێکردنەکە دەکەن، بە تایبەتیش هەوڵدەدەن بزانن هیچ سەرچاوە یان شێوازەکانی کۆکردنەوەی زانیارییان کەوتووەتە مەترسییەوە یان نا.
 
بەرپرسێکی "هاوپەیمانیی پێنج چاوی هاوبەشکردنی هەواڵگری" کە لە ئەمریکا، ئوستڕالیا، کەنەدا، نیوزیلاند و بەریتانیا پێکدێت، رایگەیاندووە: "چاوەڕێدەکەین لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەمریکا راپۆرتی هەڵسەنگاندنی زیانەکانمان پێ بدات، بەڵام ئێمە ناتوانین چاوەڕێ بکەین تا ئەو کاتەی راپۆرتەکەیان ئامادە دەبێت. لەم کاتەدا ئێمە هەڵسەنگاندنی تایبەت بە خۆمان دەکەین. ئێمە لێکۆڵینەوە لەو بەڵگەنامانە دەکەین بۆ ئەوەی بزانین ئایا هیچ لەو زانیارییانەی دزەیان پێکراوە لەوانەن کە ئێمە کۆمانکردوونەتەوە."
 
بەرپرسێکی دیکەی هاوپەیمانییەکە نیگەرانیی خۆی لە بارەی زانیارییەکانی جەنگی ئۆکراینا دەربڕیوە، چونکە بە گوتەی خۆی، ئەوە بووەتە هۆی پەککەوتنی ئۆکراینا لە گۆڕەپانی شەڕ. 
 
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، جێگەی نیگەرانیی گەورە بووە کە بەڵگەنامەیەک بە ناونیشانی "رووسیا - ئۆکراینا: پێدەچێت شەڕی هەرێمی دۆنباس بە درێژایی 2023 لە چەقبەستوویدابێت" ئاشکرابووە. بەڵگەنامەکە باس لەو زەحمەتییانە دەکات کە رووبەڕووی ئۆپەراسیۆنەکانی ئۆکراینا دەبنەوە. 
 
بەرپرسەکە گوتوویەتی: "رەنگە بەدەستهێنانی دەستکەوت بۆ ئۆکراینا زەحمەت بێت، بەڵام ئاشکراکردنی هەڵسەنگاندنی ئەمریکا کە ئاماژە بە چەقبەستنێکی یەک ساڵی دەکات، شتێکی یارمەتیدەر نییە."
 
سیخوڕیکردن بەسەر هاوپەیمانەکاندا  
 
یەکێک لە بەڵگەنامەکان ئاشکرای دەکات، ئەمریکا سیخوڕی بەسەر زیلنسکیدا کردووە. بەرپرسە نزیکەکەی زیلنسکی بە سی ئێن ئێنی گوتووە، ئەوە جێگەی سەرسوڕمان نییە، بەڵام بەرپرسانی ئۆکراینا لە ئاشکرابوونی زانیارییەکان زۆر پەستن. 
 
بەڵگەنامەکە ئاماژە بەوە دەکات، زیلنسکی لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ "پێشنیازی کردووە هێرشبکرێتە سەر پێگەی هێزەکانی رووسیا لە هەرێمی رۆستۆڤی نێو رووسیا" بە بەکارهێنانی درۆن، چونکە ئۆکراینا چەکی دوورمەودای نییە بگاتە ئەو شوێنانە. 
 
ئەو زانیارییانە لە رێگەی گوێگرتن لە پەیوەندییەکانی نێوان زیلنسکی و بەرپرسانی ئۆکراینا دەست ئەمریکا کەوتوون. 
 
ئەو بەڵگەنامەیەش هۆکاری لێدوانە ئاشکراکانی بەرپرسانی ئەمریکا رووندەکاتەوە کە بەردەوام گوتوویانە، نایانەوێت مووشەکی دوورمەودا بە ئۆکراینا بدەن، چونکە لەوە دەترسن کیێڤ بۆ بە ئامانجکردنی قووڵایی رووسیا بەکاریانبێنێت.
 
پەیوەندیدار بەو بابەتەوە، بەڵگەنامەیەکی دیکە دەڵێت، ئەگەر ئۆکراینا هێرشەکانی بگەیێنێتە قووڵایی رووسیا، ئەوا چین دەتوانێت "وەکو دەرفەتێک بەکاربێنێت بۆ ئەوەی ناتۆ بە دەستدرێژیکار دابنێت و رەنگە یارمەتییەکانی بۆ رووسیا زیادبکات ئەگەر هێرشەکان بە گەورە بزانێت."
 
میخایلۆ پۆدۆلیاک، راوێژکاری نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئۆکراینا رۆژی هەینی لە کەناڵی تێلگرامەکەیەوە رایگەیاند، پێیوایە ئەو بەڵگەنامانەی بڵاوکراونەتەوە ساختەن، "هیچ پەیوەندییان بە پلانە راستەقینەکانی ئۆکرایناوە نییە" لەسەر بنەمای "زانیاری ئەندێشەیی" لە لایەن رووسیاوە بڵاوکراونەتەوە. 
 
بەڵگەنامەیەکی دیکە گفتوگۆی نێوان دوو بەرپرسی باڵای کۆریای باشوور پێشاندەدات، کاتێک کە باس لە نیگەرانیی وڵاتەکەیان بەرامبەر بە داواکاریی ئەمریکا بۆ چەک، دەکەن. 
 
بەرپرسەکان نیگەرانبوون لەوەی ئەگەر ئەوان چەک بۆ ئەمریکا بنێرن، ئەوا ئەمریکا بۆ ئۆکراینا دەیاننێرێت، کە ئەوەش سیاسەتی کۆریای باشوور بۆ پێنەدانی چەک بە وڵاتانی بەشداربووی جەنگ، پێشێڵدەکات. بە گوێرەی بەڵگەنامەکە، یەکێک لە بەرپرسەکان پێشنیاریکردووە رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی بەسەر سیاسەتەکەدا بازدەن بێ ئەوەی دەستکاری بکەن، ئەوەش لە رێگەی پێدانی چەک بە پۆڵەندا. 
 
ئاشکرابوونی ئەم زانیاریانە لە سیئۆل نیگەرانیی دروستکردووە، بەرپرسانی کۆریای باشوور بە رۆژنامەڤانانیان گوتووە، ئەم پرسە لەگەڵ ئەمریکا باس دەکەن. 
 
بەرپرسانی وڵاتانی دیکەش بە هەمان شێوە باسیان لەوە کردووە، ئەم بابەتە لەگەڵ واشنتن باسدەکەن، بەڵام جارێ ئەو گفتوگۆیانەیان دەستپێنەکردووە، بەڵکو چاوەڕێی ئەوەن کە ئیدارەی بایدن لە بارەی چۆنیەتی و هۆکاری بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامەکان چی دەڵێت. 
 
راپۆرتێکی دیکەی هەواڵگری لەبارەی ئیسرائیل، بووەتە هۆی توڕەیی بەرپرسانی ئیسرائیلی. راپۆرتەکە کە لەلایەن سی ئای ئەی، لە رێگەی سیخوڕیکردن بەسەر پەیوەندییەکانەوە ئامادەکراوە، دەڵێت ئاژانسی هەواڵگریی سەرەکیی ئیسرائیل (مۆساد)، خۆپێشاندانەکانی دژی حکومەتی نوێی وڵاتەکەی هانداون.  
 
رۆژی یەکشەممە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ناوی مۆسادەوە وەڵامیدایەوە و راپۆرتەکەی بە "درۆیینە و بێ بنەما" ناوبرد. 
 
راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: "مۆساد و بەرپرسە باڵاکانی، ئەندامانی ئاژانسەکەیان هاننەداوە و هاننادەن بچنە نێو خۆپێشاندانەکانی دژی حکومەت، خۆپێشاندانە سیاسییەکان یان هەر چالاکییەکی دیکەی سیاسی. مۆساد و بەرپرسە باڵاکانی، دەستیان لە پرسی خۆپێشاندانەکان وەرنەداوە، بە هیچ شێوەیەک. هەمووشیان پابەندن بە بەهاکانی خزمەتکردن بە وڵات کە لە ساتی دامەزراندنیەوە، مۆساد لەسەری رۆشتووە."
 
بەڵگەنامەیەکی دیکەی نهێنی، پێشانیدەدات چۆن ئەمریکا هەڵسەنگاندنی بۆ سیاسەتی هاوپەیمانەکانی کردووە و چۆن هەژموونی خۆی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی سیاسەتەکانیان بگۆڕن. 
 
بەڵگەنامەیەک بە ناونیشانی: "ئیسرائیل: رێگەی دابینکردنی چەکی کوشندە بۆ ئۆکراینا،" دەڵێت رەنگە ئیسرائیل بیر لە دابینکردنی چەکی "کوشندە" بۆ کیێڤ بکاتەوە ئەگەر گوشاری ئەمریکا لەسەری زیادبێت یانیش پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا خراپ بن.  
 
بەڵگەنامەیەکی دیکە ئاشکرایدەکات، 23ی شوبات، بولگاریا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە فڕۆکە MiG-29ـەکانی بە ئۆکراینا بدات، بەڵام واشنتن پێیوابووە ئەوە "ئاڵنگاری" دەبێت، چونکە ئەو کات بولگاریا فڕۆکەی نابێت بۆ ئەنجامدانی پاسەوانیی ئاسمانی. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە