رەمەزان لە ئەفغانستان؛ سفرەکان بەزۆری ئاو و نانی وشکیان لەسەرە

10-04-2023
رووداو @Rudawkurdish
بەربانگی خێزانێکی ئەفغانستان لە رەمەزاندا
بەربانگی خێزانێکی ئەفغانستان لە رەمەزاندا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سێیەمین هەفتەی مانگی رەمەزان خەریکە بەرەو کۆتایی دەڕوات؛ خێزانی حاجی جەمال لە شاری هەراتی ئەفغانستان یەکەمجارە لەسەر سفرەی بەربانگ خواردنێک دەخۆن کە گۆشتی تێدایە، بەڵام ئەویش گۆشتی خێرە.
 
حاجی جەمال، کرێکاری ئەفغانستانییە و دەڵێت: 17 رۆژ لە مانگی رەمەزان تێپەڕیوە، ئەمە یەکەم جارە گۆشت دەخۆین. دوێنێ کرێکاریم کرد و 60 رووپییەم وەرگرت و ئەمڕۆ 70 رووپیە. دەتوانم بەو پارەیە کرێ خانوو بدەم؟ دەتوانم پارەی کارەبا بدەم؟ دەتوانم پارەی ئاوی پێبدەم یان خەرجی خێزانەکەمی پێ بدەم؟ کچەکانم پێڵاویان نییە. پارەم نییە پێڵاویان بۆ بکڕم."
 
دوای ئەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان کشایەوە و تاڵیبان لە ئابی 2021 دەسەڵاتی گرتەوە دەست، قەیرانی هەژاری لەو وڵاتە قووڵبووەتەوە. 
 
نزیکەی نیوەی دانیشتووانی 38 ملیۆن کەسی ئەفغانستان لەژێر هێڵی هەژاریدان.
 
حاجی جەمال باس لە نەبوونی کار دەکات و دەڵێت: "ساڵی رابردوو باش بوو. ئەمساڵ کار هەر نییە. سڵ لە کارکردن ناکەمەوە، ئەگەر هەبێت. کاری ئێمە ئەوەیە شتی دووکاندارێک هەڵبگرین و بیگوازینەوە. کار نەماوە، دووکاندار بازاڕی نەماوە و ئێمەش کارمان دەستناکەوێت."
 
بەپێی رێکخراوی پاراستنی منداڵان، لەم مانگی رەمەزانەدا بەراورد بە رەمەزانی رابردوو، نرخی خۆراک لە ئەفغانستان دوو بەرامبەر بەرزبووەتەوە و لەبەر ئەوەش زۆرێک لە خێزانەکان تەنیا ئاو و نانی وشکیان هەیە. ئەوە لە کاتێکدایە بەپێی راپۆرتی بانکی جیهانی، لە یەکەم ساڵی هاتنەسەر کاری تاڵیباندا داهاتی خێزانەکان بەرێژەی 30٪ کەمبووەتەوە و 900 هەزار کەسیش کارەکانیان لەدەستداوە.
 
شەفیقە، خاتوونی ماڵە و دەڵێت: "هەموو رۆژێک حاڵمان بەم جۆرەیە. ئەگەر کەسێک 4 پارچە نانمان خێر پێبکات، لەگەڵ چای دەیخۆینەوە. ئەگەریش کەسێک بامیە و باینجانمان بۆ بهێنێ، خواردنی لێ دروستدەکەین. ئەگەریش خێرمان پێ نەکەن، هەر نان و چایەکە دەخۆینەوە."
 
بەپێی ئاماری رێکخراوە خێرخوازییەکان، 97٪ ی دانیشتووانی ئەفغانستان لەبەردەم مەترسیی هەژاربووندان. هەروەها نیوەی ژمارەی دانیشتوانی ئەفغانستان لە رێگەی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکانەوە خۆراکیان بۆ دابین دەکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەوەی 14 ملیۆن منداڵی ئەفغانستانی بە دەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساڵانە لە 10ی موحەڕەم زیارەتکارێکی زۆری شیعەمەزهەب لە سەرتاسەری جیهان سەردانی عێراق دەکەن و لە نەجەف و کەربەلا کۆدەبنەوە، ژمارەی زیارەتکارانی ئێرانی و پاکستانی پشکی شێریان بەردەکەوێت.

دەرفەتی کار لە عێراق بۆ پاکستانییەکان زیاتر دەبێت

بەغدا و ئیسلام ئاباد بەنیازن یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ بکەن و رێکبکەون لەمەودوا دەرفەتی کاری زیاتر بۆ پاکستانییەکان لە عێراق بڕەخسێندرێت، ئەمەش وادەکات هاووڵاتییانی پاکستانی بە نایاسایی لە وڵاتەکە نەمێننەوە.