بەرنامەیەکی مۆبایل دەبێتە "چاوی" نابیناکان

رووداو دیجیتاڵ

جێسپەر هۆڵتن دانیشتووی هایە تاسترۆپی دانیمارکە و لە سکماکییەوە نابینایە و تەمەنێکی بە نابینایی بەڕێکردووە، بەڵام ئەمڕۆ کە تەکنەلۆژیا گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر پێشکەوتوو، هەر کاتێک بەتەنیا بێت، مۆبایلەکەی دەردەهێنێت و بەبێ پێویستی خەڵک، شتەکانی دەوروبەری دەناسێتەوە.
 
هەموو ئەم کارانەش لە رێگەی بەرنامەیەکی مۆبایلەوە دەکات، کە پێی دەڵێن "Be My Eyes" واتە "ببە بە چاوەکانم".
 
جیسپەر هۆڵتنی نابینا بەمشێوەیە باسی بەرنامەکە دەکات "من، تا رادەیەک بەکاری دەهێنم، جارێک یان دوو جار لە هەفتەیەکدا. لەو کاتانە بەکاری دەهێنم کە خواردن ئامادە دەکەم یان سەیری قوتووی خواردن دەکەم، کە زەحمەتە بزانین چی تێدایە".
 
Be My Eyes بەشێکی بچووکە لە شۆڕشی تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکردی ChatGPT و لە 2015ـوە بڵاوکراوەتەوە کە نزیکەی نیو ملیۆن نابینا و 6.4 ملیۆن کەسی دیکە بەکاریدەهێنن، بەرنامەکە بە 180 زمان بەردەستە. پێشتر بەرنامەکە بە یارمەتی تۆڕێکی خۆبەخشان لەڕێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە شتەکانی بە نابیناکان دەگوت، ئێستا لەڕێگەی زیرەکیی دەستکردەوە وێنەکان بۆ نابیناکان باس دەکات بەبێ ئەوەی پێویستیان بە خۆبەخش هەبێت یارمەتییان بدات.
 
بەرنامەکە ئێستا لە توانایدایە وێنەی کاڵاکانی دەوروبەرت بۆ بکاتە نووسین و بۆشت بخوێنێتەوە. پێشکەوتنەکە لێرەوە ناوەستێت، بەڵکو وەڵامی پرسیاری وەکو "دەبێت ئەم پاستایە چەند لەسەر ئاگر بکوڵێنم"ـیشت دەداتەوە، ئەگەر بێتو وێنەی پاستاکە بخەیتە بەرنامەکەوە. 
 
تایبەتمەندییەکی دیکەی بەرنامەکە ئەوەیە، لەلایەن کەسێکی نابیناوە دروستکراوە.
 
هانس یۆرگن ویبێرگ، دروستکەری بەرنامەی Be My Eyes دەڵێ "لەوەتەی ئەو بیرۆکەمان بۆ هاتووە، بە زەحمەت خەو دەچێتە چاوم، چونکە دەرفەتی داهێنانی زۆری تێدایە. بەرنامەکە ئێستا تەنیا دەتوانێت باسی وردەکارییەکانی وێنەیەکت بۆ بکات، بەڵام بێنە پێش چاوت، بتوانین بیکەین بە ڤیدیۆ و باسی شتەکانی نێو ڤیدیۆکەت بۆ بکات".