پڕۆژەیاسای نوێی بەریتانیا چی لەبارەی کۆچبەران تێدایە کە هەرای ناوەتەوە؟

10-03-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی بەریتانیا وەکو هەنگاوێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆچی نایاسایی، بە نیازە لەرێگەی یاسایەکەوە مافی پەنابەرێتی بۆ ئەو کۆچبەرانەی بەشێوەیەکی نایاسایی دەچنە وڵاتەکەوە زەوت بکات، بەشێوەیەک نەتوانن داوای مافی پەنابەرێتی بکەن. ئەوەش کاردانەوەی نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی ئاداری 2023، ئیلڤا جۆهانسن، کۆمیسیاری ئەوروپا بۆ کاروباری نێوخۆ هۆشداریدا لەوەی پلانی بەریتانیا بۆ زەوتکردنی مافی پەنابەرێتی لەو کۆچبەرانەی کە لە رێگەی بەلەمی بچووکەوە دەچنە بەریتانیا، یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکات.
 
جۆهانسن، کە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی نێوخۆیی وەزیرانی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسلە، گوتی قسەی لەگەڵ سوێلا براڤەرمان، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کردووە بۆ ئەوەی تاوتوێی پڕۆژەیاساکە بکات، "کاردانەوەی دەستبەجێی من ئەوەیە کە پرسیار دەکەم ئایا ئەمە لەگەڵ پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان دەگونجێت؟ بەڵێنی پێدام کە وابێت، بۆیە با هیوامان ئەوە بێت کە راست بکات، بەڵام دەبێت کەمێک زیاتر لێی بکۆڵینەوە."
 
رۆژی چوارشەممە، 8ـی ئادار، ڤۆلکەر تورک، کۆمیسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند: "لە ناخی دڵمەوە لەم پڕۆژەیاسایە نیگەرانم."
 
ڤۆلکەر تورک دەڵێت، رەشنووسی یاساکە "رێگە بە دەسەڵاتدارانی بەریتانیا دەدات هەموو ئەو کەسانە دەستبەسەر بکەن و دووریان بخەنەوە کە بە بەکارهێنانی بەلەمی بچووک لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە دەچنە بەریتانیا، دووبارە چوونە ژوورەوەیان بۆ بەریتانیا لە داهاتوودا قەدەخە دەکات و داواکردنی رەگەزنامەی بەریتانیایان لێ قەدەخە دەکات."
 
ڤۆلکەر گوتیشی کە "هەموو ئەو کەسانەی ناچارن وڵاتی رەسەنی خۆیان بەجێبێڵن بۆ ئەوەی بەدوای سەلامەتی و شکۆدا بگەڕێن بۆ دەرەوەی وڵات، مافی ئەوەیان هەیە بە تەواوی رێز لە مافە مرۆییەکانیان بگیرێت، ئەوەش بەبێ گوێدانە دۆخی کۆچکردنیان یان شێوازی گەیشتنیان."
 
ئەوە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، زیاتر لە سێ هەزار کۆچبەر لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونەتە بەریتانیا و داواکردنی مافی پەنابەرێتیش 160 هەزار کەسی تێپەڕکردووە.
 
یاسا نوێیەکە چی لەخۆ دەگرێت؟
 
بلۆککردنی بەردەوام
 
هەر کەسێک جارێک بە نایاسایی چووبێتە وڵاتەکەوە، رێگەی پێنادرێت بۆ جاری دووەم پێ بنێتە وڵاتەکە یان وڵاتینامەکەی وەربگرێت؛ هەر کۆچبەرێکیش دەستبەسەر بکرێت، لانیکەم 28 رۆژ بەنددەکرێت پێش ئەوەی دیپۆرت بکرێتەوە. 
 
وڵاتی سێیەم
 
بە گوێرەی پڕۆژەیاساکە، هەر کۆچبەرێک بە نایاسایی بچێتە بەریتانیا، رەوانەی وڵاتی سێیەم دەکرێت کە بەریتانیا رێککەوتنێکی لەو بارەیەوە لەگەڵیدا هەیە، وەکو رواندا. یان رەوانەی وڵاتەکەی دەکرێتەوە، ئەگەر لە ئەگەری گەڕانەوەیدا، مەترسیی لەسەر ژیانی نەبوو. 
 
مافی پەنابەرێتیی یاسایی
 
ساڵانە پەرلەمان ئاستێکی دیاریکراو لە وەرگرتنی پەنابەران دیاریدەکات. حکومەتیش چەند رێگەیەکی نوێی سەلامەت بۆ ئەوانە دیاریدەکات کە دەیانەوێت لە بەریتانیا بژین.
 
پەنابەرێتیی رەتکراوە
 
پڕۆژەیاسا نوێیەکە رێگە بە وەزارەتی ناوخۆ دەدات هەر کەسێک بە نایاسایی لە نۆکەندی ئینگلیز بپەڕێتەوە، دەستبەسەر بکرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەیەکی F18ـی سەر بە هێزی دەریایی سوپای ئەمریکا

ئەمریکا "بە هەڵە" فڕۆکەیەکی لە دەریای سوور دەخاتە خوارەوە

سوپای ئەمریکا ئەمڕۆ رایگەیاند، هێزەکانیان "بە هەڵە" فڕۆکەیەکی جەنگیی وڵاتەکەیان لە ئاسمانی دەریای سوور خستووەتەخوارەوە، لە ئەنجامدا کورسیی فڕۆکەوانەکانی فڕێدراونەتە دەرەوە و بە رزگاریان بووە.