لە زۆرینەی شارەکانی ئەڵمانیا قوتابخانەی زمانی کوردی نییە

رووداو دیجیتاڵ 

لە سێ هەرێمی ئەڵمانیا بە یاسا ئەوە رێکخراوە کە منداڵان مافی فێربوونی کوردییان هەبێت، بەڵام لە زۆربەی شارەکانی ئەو هەرێمانە پۆلی فێربوونی کوردی نین و ئەوانەی هەشن کێشەی زۆریان هەن. 
 
شەفیق پێشەنگ ساڵانی دوور و درێژە مامۆستای زمانی کوردییە لە هەرێمی نۆردراین ڤێستفالنی ئەڵمانیا و میوانی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند، ژمارەی ئەو کوردانەی منداڵەکانیان فێری زمانی کوردی دەکەن لە قوتابخانەکان کەمن و گوتی "لە هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن 105 هەزار منداڵ بە زمانە جیاوازەکان دەخوێنن، منداڵانی کورد رێژەی 1.67%ی بە زمانی کوردی دەخوێنن کە ژمارەیان دەگاتە دوو هەزار منداڵ و بە گشتی لە تەواوی ئەڵمانیا نزیکەی 3500 منداڵی کورد بە زمانی کوردی دەخوێنن."
 
شەفیق پێشەنگ روونیکردەوە کە ئەڵمانیا درەنگتر لە چاو سوێد مافی خوێندن بە زمانی دایک پەیڕەو کرد و گلەیی لە کەمی و نەبوونی مامۆستای زمانی کوردی گرت و گوتی " لە ئەڵمانیا 30 مامۆستای زمانی کوردی هەن، ئەمەش لە چاو وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا ژمارەیەکی زۆر کەمە لە کاتێکدا دەڵێن یەک ملیۆن کورد لەو وڵاتەدا دەژین، بەڵام ژمارەی مامۆستایانی زمانی تورکی و فارسی و عەرەبی لە زمانی کوردی زۆر زیاترە".
 
شەفیق پێشەنگ داوای لە خێزانە کوردەکان کرد کە لە ماڵەکانیان بە کوردی لەگەڵ منداڵەکانیان قسە بکەن و هانیان بدەن فێری زمانی خۆیان بن.
 
بەگوێرەی یاسای خوێندنی ئەڵمانیا هەموو منداڵێک مافی هەیە لە هەفتەیەکدا 5 کاژێر فێری زمانی دایک بکرێت و لە هەرشوێنێک 15 منداڵ هەبن و کەسوکاریان داوابکەن بە زمانی دایک بخوێنن، خوێندنگەیان بۆ دەکرێتەوە.