وردەکاریی هێرشەکەی هامبۆرگ؛ هێرشکارەکە 135 گولـلەی تەقاندووە و 7 کەس کوژراون

10-03-2023
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
ژمارەیەک پۆلیس لە بەردەم ناوەندی ئایینییەکەی هامبۆرگ. وێنە: AFP
ژمارەیەک پۆلیس لە بەردەم ناوەندی ئایینییەکەی هامبۆرگ. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی هێرشەکەی سەر ناوەندێکی ئایینییەوە لە هامبۆرگ، تاوەکو ئێستا حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و هەشت کەسی دیکەیش بریندار بوون. پۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێت، هێرشکارەکە گەنجێکی تەمەن 35 ساڵی ئەڵمانییە و 135 گولـلەی ئاراستەی ناوەندە ئایینییەکە کردووە.
 
لەنێو ئەو کەسانەی کە لە رووداوی تەقەکردنەکەدا گیانیان لەدەستداوە، ژنێکی دووگیان هەبووە کە خۆی و منداڵەکەی گیانیان لەدەستداوە. دوای ئەو رووداوە، هێرشکارە خۆیشی کوشتووە.
 
تۆماس رادستسوڤایت، بەڕێوەبەری پاراستن لە فەرمانگەی نەهێشتنی تاوانەکان لە هامبۆرگ دەڵێت، "ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە چوار پیاو و دوو ژنن کە تەمەنیان لەنێوان 33 بۆ 60 ساڵدایە، هەروەها منداڵێکی کچیش کە تەمەنی هەشت هەفتە بووە و لە سکی دایکیدا بووە، گیانی لەدەستداوە."
 
ئەو بەرپرسەی پۆلیسی هامبۆرگ باس لەوە دەکات کە ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە خەڵکی ئەڵمانیان و دەشڵێت، "هەشت کەس بریندارن کە شەشیان ژن و دووانی دیکەیش پیاون و تەمەنیان لەنێوان 23 بۆ 46 ساڵدایە، شەش لە برینداران خەڵکی ئەڵمانیان، ژنێکی بریندار خەڵکی غانا و یەکێکی دیکەیش خەڵکی ئۆکراینایە. لانیکەم چواریان برینەکانیان سەختە."
 
بەگوێرەی پۆلیسی هامبۆرگ، هێرشکارەکە ناوی ڤلیپە و لەدایکبووی 1987ـە. دەشڵێت، ئەو چەکەی کە تەقەی پێکردووە مۆڵەتی هەبووە. ئەندی گرۆتە، وەزیری ناوخۆی هەرێمی هامبۆرگ باس لەوە دەکات کە یاسای چەکهەڵگرتن و پێدانی مۆڵەتی چەک پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت و بۆئەوەش پڕۆژەیاسایەک ئامادەکراوە. 
 
میشائیل تسیڤیداریس، راسپێردراوی "شاهیدەکانی یەهۆڤا" لە باکووری ئەڵمانیا دەڵێت، "بێگومان ئێمە بەشەو خەمی زۆر گەورەمان هەبوون و بارقورسییەکە کەمتر بوو کە زانیمان تەنیا یەک هێرشکار هەیە و چیدیکە مەترسی نەماوە."
 
بەگوێرەی میدیای ئەڵمانی، یەکەمجار دەنگی تەقەکردن کاژێر 21:15 بەکاتی هامبۆرگ [23:15 بەکاتی هەولێر] بیستراوە. دوای رووداوەکە، بەرپرسانی ناوچەکە هۆشداریی "مەترسییەکی گەورە"یان لە رێگەی ئەپلیکەیشنی مۆبایلەوە بۆ خەڵکی نارد و ئاگاداریان کردنەوە بۆ ئەوەی نزیکی ناوچەکە نەکەونەوە، تاوەکو دواتر کاژێر 3:00ـی بەرەبەیان بەکاتی نێوخۆ نووسینگەی فیدراڵی بۆ پاراستنی سڤیل هۆشدارییەکەی وەستاند و دۆخەکە ئاسایی بووەوە.
 
ناسنامەی هێرشکارەکە
 
زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەڵمانیا گوتی، بەگوێرەی دوایین زانیارییەکان، هێرشکارەکە هاووڵاتییەکی ئەڵمانییە و یەكێک بووە لە پەیڕەوانی یەهۆڤا ویتنیسس یان "شایەتحاڵانی یەهۆڤا." 
 
هێرشەکە لە باڵەخانەی هۆڵی یەهۆڤا ویتنیس کینگدۆم روویدا کە باڵەخانەیەکی سێ نهۆمییە و ئەندامەکانی بۆ رێوڕەسمێکی ئایینی کۆبوونەتەوە.
 
لای خۆیەوە، ناوەندی یەهۆڤا ویتنیس کە کار لەسەر بانگەشە بۆ ئایینی کریستیانی دەکات، گوتی لە ناخی دڵەوە بەم "هێرشە تۆقێنەرە" بۆ سەر ئەندامەکانی "تاساوە." 
 
لە ئەڵمانیا نزیکەی 175 هەزار ئەندامی یەهۆڤا ویتنیسن کە لەوانە سێ هەزار و 800 کەسیان لە هامبۆرگن. یەهۆڤا ویتنیس بزووتنەوەیەکی کریستیانیی ئەمریکییە لە سەدەی 19دا دامەزراوە و بانگەشە بۆ ئایینی کریستیان دەکات. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.