تەندروستیی جیهانی: نزیکەی 130 هەزار کەس لە قۆچی ئەفریقا مەترسیی لە برسا مردنیان لەسەرە

10-03-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە زیادبوونی برسێتی لە قۆچی ئەفریقا دەدات و دەڵێت، نزیکەی 130 هەزار کەس لەو ناوچەیە مەترسی لەبرسا مردنیان لەسەرە. 
 
بە گوێرەی تەندروستیی جیهانی، نزیکەی 48 ملیۆن کەس لە قۆچی ئەفریقا، واتە لە جیبۆتی، ئەسیوپیا، کینیا، سۆماڵ، سوودانی باشوور، سوودان و ئۆگەندا، رووبەڕووی نەمانی ئاساییشی خۆراک بوونەتەوە. 
 
لیزبێت ئەلبرێخت، بەڕێوەبەری قەیرانە تەندروستییەکانی تەندروستیی جیهانی لە قۆچی ئەفریقا رۆژی هەینی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی ئۆنلایندا بە رۆژنامەڤانانی گوت، لەو 129 هەزار کەسە 96 هەزاریان لە سۆماڵ و 33 هەزاریان لە سوودانی باشوورن. 
 
ئەلبرێخت گوتیشی: "زۆربەی بەشەکانی ناوچەکە رووبەڕووی خراپترین وشکەساڵیی 40 ساڵی رابردوو بوونەتەوە، لە کاتێکدا بەشەکانی دیکە کەوتوونەتە بەر لافاو، ئەوەش بووەتە هۆی برسێتیی بەربڵاو."
 
خانمە بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کرد: "ئێمە زیادبوونی بڵابوونەوەی نەخۆشییەکان و زۆرترین منداڵی توشبووی بەدخۆراکی لە چەند ساڵی رابردوودا دەبینین."
 
چاوەڕێدەکرێت ئەمساڵ نزیکەی 11.9 ملیۆن منداڵی تەمەن خوار پێنج ساڵ لەو ناوچەیەی جیهان رووبەڕووی بەدخۆراکی تووند ببنەوە. هەروەها سورێژە، کۆلێرا، مەلاریا، ڤایرۆسی جگەری جۆری E و هەوکردنی پەردەی مێشک ناوچەکەیان گیرۆدە کردووە. 
 
ئەلبرێخت گوتی: "ژمارەی ئەو نەخۆشییانەی لە قۆچی ئەفریقا بڵاوبوونەتەوە گەییشتووەتە بەرزترین ئاستی ئەم سەدەیە، لە کاتێکدا سیستمە تەندروستییەکان لە زۆربەی حەوت وڵاتەکە لە ژێر گوشاردان." 
 
هەروەها باسی لەوە کرد، زیادبوونی ئەم نەخۆشییانە دەکرێت راستەوخۆ پەیوەندیی بە رووداوی گەورەی کەشوهەواوە هەبێت. 
 
قۆچی ئەفریقا یەکێکە لەو ناوچانەی کە گەورەترین مەترسیی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە. 
 
پێنج وەرزی بێبارانی لەدوای یەک بوونەتە هۆی مرداربوونەوەی ملیۆنان ئاژەڵ، نەمانی دەخڵ و دان و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لەپای گەڕان بە دوای ئاو و خۆراکدا. 
 
ئەلبرێخت گوتی: "لەبەر ئەوەی گۆڕانی کەشوهەوا ئێستا بووەتە راستی، پێویستە خۆمان ئامادە بکەین بۆ دووبارەبوونەوەی زوو زووی ئەم جۆرە قەیرانانە. ئێستا پێویستمان بە سەرچاوەیە بۆ رێگریکردن لە نەخۆشی و مردنی بەربڵاو."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.