لە بەریتانیا ناشیرینترین سەگ هەڵدەبژێردرێت و خاوەنەکەی خەڵات دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

سەگێک کە ناوی پێگییە و رووخسار و جەستەیەکی ناڕێکی هەیە، بە ناشیرینترین سەگی بەریتانیا هەڵبژێردرا. ئەو سەگە بۆ نانخواردن و ئاو خواردنەوە نەبێت زمانی ناباتە ناوەوە، بەردەوام زمانی لە دەرەوەیە. 
 
هۆڵی میدڵتۆن، خاوەنی سەگەکەیە و دەڵێت، "کاتێک بەسەر شەقامەکاندا دەڕۆم لەگەڵ پێگی، خەڵک دەبینم بە سەرنجەوە سەیری پێگی دەکەن و بە هاوڕێکانیان دەڵێن: سەیری ئەو سەگە بکە. ئێستا کە وەکو ناشیرینترین سەگ هەڵبژێردراوە و بەنێوبانگ بووە، خەڵک سێڵفی لەگەڵ دەگرن."
 
پێگی تەمەنی شەش مانگ بوو، کە هۆڵی هەڵیگرتەوە. بە گوتەی هۆڵی، لە وێبسایتێک پێگییان دانابوو، هەموو خوشک و براکانی لەلایەن خەڵکەوە هەڵگیرابوونەوە، بەڵام پێگی بە تەنیا مابووەوە، چونکە ناشیرین بوو.
 
سام بورتۆن، بەڕێوەبەری ئارایشتگەی ئاژەڵان باس لەوە دەکات، "شێوەی زۆر نائاساییە، بەڵام ئەو ئازیزە بە تایبەت کە یەکەم جار دەیبینیت، زۆر شیرینە، بە تایبەت کە لەگەڵ خاوەنەکەی دەیبینیت. ئەو خاوەنەکەی زۆر خۆشدەوێت. کارێکتەرێکی زۆر هەزەلی هەیە، لە رووی خۆیەوە زۆر نازدارە."
 
پێگی تەمەنی چوار ساڵە و لە جۆری پەگ و کرێستید کرۆسی چینییە. لە بەریتانیا پێشبڕکێی ناشیرینترین سەگ نزیکەی 50 ساڵە بەردەوامە. پێشبڕکێیەکە ئێستا لە رێگەی ئۆنڵاینەوە دەکرێت.
 
ئەمساڵ حەوت سەگ بە ناشیرینترین سەگی بەریتانیا هەڵبژێردرابوون، پێگی لە نێویاندا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و  خاوەنەکەشی بە 1500 دۆلار خەڵاتکرا.