سعودییە رێگا بە وەزیری دەرەوەی سوێد نادات وتار پێشکەش بکات

10-03-2015
کاوە ئەمین
نیشانەکردن مارگۆت واڵسرۆم سوێد سعودییە
A+ A-

رووداو - ئاژانسەکان

بەهۆی ناڕەزایەتی وڵاتی سعودییەوە، رێگا بە وەزیری دەرەوەی سوێد، مارگۆت واڵسرۆم نادرێت، وتارێک لە کۆمکاری عەرەبی پێشکەش بکات.

لەو بارەیەوە مارگۆت واڵسترۆم بە ئاژانسی هەواڵی TT ی سوێدی راگەیاندووە "جێگای نیگەرانییە، وڵاتێک رێگا لە هاوکاریی من بگرێت".

لە مانگی دیسەمبەری ساڵی رابردوو، وەزیری دەرەوەی سوێد وەکو میوانی شەرەف لە لایەن سکرتێری کۆمکاری عەرەبی، نەبیل ئەلعەرەبی بانگهێشتکرا. وا بڕیاربوو کە مارگۆت واڵسترۆم لە کاتی کردنەوەی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی، وتارێک پێشکەش بکات. بەڵام رۆژی یەکشەممە وەزیری دەرەوەی سوێد پێی زانیوە کە سعودییە نایەوێت وتار پێشکەش بکات و رۆژی دووشەممە بەتەواوەتی ئاشکرابوو کە رێگای پێنادرێت قسە بکات.

بەقسەی وەزیری دەرەوەی سوێد، هۆکاری نەهێشتنی بەشداریکردنی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە سوێد رۆشنایی خستۆتە سەر مافەکانی مرۆڤ و رەوشی دیموکراتی لە سعودییە. "جێگای نیگەرانییە. من دەمویست چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ بکەم، بەتایبەتیش دژایەتی تیرۆر و رەوشی مافەکانی مرۆڤ"، مارگۆت وادەڵێت.

چەند رۆژێکە پەیماننامەی بازرگانی نێوان سوێد و سعودییە بووەتە رۆژەڤی گەرمی راگەیاندنی سوێدی. بە قسەی سکرتێری واڵسترۆم، ئێریک بومان، هێشتا حکومەتی سوێدی لەگەڵ سعودییەکان باسی ئەوەی نەکردووە، کە چی بەسەر پەیماننامە سەربازییەکەی نێوان ئەو دوو وڵاتە دێت.

رۆژی دووشەممە، وەزیری دەرەوەی سوێد، چاوی بە وەزیری درەوەی میسر کەوت لە قاهیرە. هەرچەندە والسترۆم زۆر هەوڵیداوە کە نوێنەرێکی سعودی ببینێت، تا لە دەمی ئەوانەوە بزانێت کە بۆچی لەدژی وەستاونەتەوە، بەڵام سعودییەکان ئامادەنەبوون دانیشتنی لەگەڵ ئەنجامبدەن. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە