فوئاد حوسێن: هاوکارییەکی ئێجگار باش لەنێوان بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هەیە

10-02-2023
دیار کوردە @diyarkurda
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
A+ A-
 
رووداو - واشنتن

رۆژی چوارشەممە 08-02-2023 شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتیی د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتنە واشنتن و رۆژی پێنجشەممە 09-02-2023 لە بەیانییەکەی کاژێر 08:30ـەوە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا دەستپێکردن.
 
زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی گەنجینە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و چەند دامەزراوەیەکی دیکە کرد و لەبارەی ئەنجامەکانی کۆبوونەوەکان د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت، "هەواڵی دڵخۆشکەر ئەوەیە کە راستی بڵێم، ئەمریکییەکان ئەوانەی کە بینیمان، کەسانێکی زۆرمان بینین، کەسانێکی دەسەڵاتدار، لە وەزارەتی گەنجینە، لە وەزارەتی دەرەوە، جۆن کێری، بەرپرسانی وزە، ئەوانەی تاوەکو ئێستا بینیوومانن، هەموویان پشتگیریی سیاسەتی حکومەتی عێراقی دەکەن، پشتگیریی ئەو رێوشوێنانە دەکەن کە بانکی ناوەندیی عێراق وەریگرتووە، هاوئاهانگییەکی یەکجار باش هەیە لەنێوان بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا."
 
بەپێیی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، لە کۆبوونەوەکاندا بەرپرسانی ئەمریکا باسی پرسی گەندەڵی، چوونی پارە بە نایاسایی بۆ دەرەوەی عێراق و هەروەها سیستمی بانکیی عێراقییان کردووە و رەتیشیان کردووەتەوە گڵۆپی سەوز بۆ عێراق هەڵبکەن تاوەکو مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ رووسیا بکات یان قەرزی کۆمپانیا رووسەکان بداتەوە.
 
پەیامنێری رووداو ئەو پرسیارانەی ئاراستەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد، هەرچەندە وەڵامێکی روونی نەبوو، بەڵام ئاماژەی بەوە دا کە ئەم پرسانە بەشێک دەبن لە کۆبوونەوەکان.
 
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، "پابەندین بە پەرەدان بە هەموو رەهەندەکانی ئەو پەیوەندییە دوو قۆڵییە، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا، گەشەپێدانی کەرتی تایبەت و دروستکردنی دەرفەتی کارکردن، دامەزراندنی وزەی سەربەخۆی عێراق. کار بۆ بەهێزکردنی سەروەریی عێراق دەکەین، بۆیە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ لەسەر رەهەندە ئابوورییەکان بوون، کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و پرسی وزەش باس کراون، چاوەڕێش دەکەم ئەو پرسانەی تۆش ئاماژەت پێدان باس بکرێن."
 
بەرپرسێکی کەرتی وزەی عێراقی بە رووداوی گوت، ئەوان ناتوانن ئێستا کۆتایی بە بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران بهێنن، چونکە جێگرەوەی ئێرانیان نییە و هەوڵیان ئەوەیە ئەمریکا رازی بکەن لەسەر ئەو پرسە هێندە تووند نەبێت، بەڵام کێشەی ئەمریکا ئەوەیە بێجگە لە رێگە فەرمییەکان، بە رێگەی نافەرمییش دۆلار دەچێتە ئێران، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکاش لە عێراق کە خۆی ماوەیەک لەنێو ئەو ژینگەی ململانێی ئێران و رووسیا و ئەمریکا لە عێراق ژیاوە دەڵێت، "لە بەرژەوەندیی ئێمەدا نییە دۆلار بچێتە رووسیا و ئێران."
 
دۆگلاس سلێمان، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق دەڵێت، "ئەمریکا هەوڵیداوە رێگەیەک بدۆزێتەوە کە عێراق مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بکات، بەڵام ئێران لەوبارەوە ئامادە نییە، کە پێویستە ئەو ئامادەییەی هەبێت، ئەم هەڵوێستەشی بەکارهێناوە بۆ گوشار کردن لە عێراق تاوەکو بەغدا لەنێوان ئێران و ئەمریکا یەکێکیان هەڵبژێرێت، ئەمە رەنگە بۆ پرسی ئاڵوگۆڕی روبڵی رووسیش راست بێت، چیدیکە بەرپرسی ئەمریکی نیم، بەڵام وەکو ئەمریکییەک پێموانییە هیچ هۆکارێک هەبێت ئەمریکا رێگە بدات دۆلارەکانی بچنە ئێران و رووسیا، چونکە ئەمە لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە."
 
کۆبوونەوەکانی رۆژی یەکەمی شاندەکە، زیاتر کۆبوونەوەی سەرەتایی و سیاسی بوون، هیچ رێککەوتنێک نەکراوە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەی دیکە بکرێن و لیژنە تەکنیکی و جێبەجێکارییەکان لەسەر کۆی ئەو فایلانە قسە بکەن کە بۆ عێراقییەکان و ئەمریکییەکانیش گرنگ و جێگەی بایەخن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی دوای لافاوەکەی ئەفغانستان. وێنە: AFP

لە ئەفغانستان بەهۆی زریان و لافاو 35 کەس گیانیان لەدەستدا

بەرپرسانی ئەفغانستان دەڵێن، بەهۆی بارانی بەخوڕەوە لافاو دروستبووە و لانیکەم 35 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و نزیکە 230 کەسی دیکەش بریندار بوون.