ژنێکی تەمەن 106ساڵ ئەلبوومێکی نوێی پیانۆ بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
کۆلێت مایز ئافرەتیکی فەرەنسی تەمەن 106 ساڵانە و لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا دەژیت، وەک خۆی دەڵێت، لە تەمەنی چوار ساڵییەوە دەستی بە ژەنینی پیانۆ کردووە و لەدوای 102 ساڵ ژەنینی پیانۆ، ئێستاش کۆڵی نەداوە و ئەلبوومی نوێی هەیە بۆ بڵاوکردنەوە.
 
کۆلێت ساڵی 1914 لە خێزانێکی مامناوەند لە دایکبووە، لە ماڵەوە و لەلای دایکی خوێندوویەتی، لە تەمەنی گەنجیدا دەچێتە پەیمانگەیەکی مۆسیقا لە پاریس و دواتر وانەی مۆسیقا دەڵێتەوە.
 
ئەوەی کە جێی سەرنجە ئەوەیە کە کۆلێت لەو تەمەنەیدا و بە پەنجە لاوازەکانی بەردەوامە لە ژەنینی پیانۆ و دەنگی پیانۆکەی هێشتا لە شوققەی ماڵەکەیدا دەزرنگێتەوە. کۆلێت لەبارەی بەردەوامبوون لە ژەنینی پیانۆ بۆ ماڵپەڕی رۆیتەرز قسەیکردووە و دەڵێت" ئەوە خۆراکی منە، خۆراکی رۆح و دڵمە".
 
جگە لە ژەنینی پیانۆ بەردەوام وەرزشی یۆگا و وەرزشەکانی تایبەت بە پەنجەکانی دەکات بۆ ئەوەی بێهێز و لاواز نەبێت. کۆلێت لەوبارەوە دەڵێت "پەنجەکانم پێویستە هەست بە کلیلەکانی پیانۆکەم بکە ، بۆ ئەوەش یۆگا و جمناستیک دەکەم."
 

ئەو ژنە فەرەنسییە هێشتا لە دنیای میوزیک دانەبڕاوە و ژەنینی پیانۆ بۆ ئەو تەنیا هەستێکی دەروونی نییە، بەڵکو لەم رۆژانەی دواییدا شەشەمین ئەلبوومی خۆی تۆمارکردووە و بڕیارە لە مانگی نیسانی داهاتوو بڵاویبکاتەوە.
 
فابریس مایز تاقە کوڕی کۆلێتە و لەدایکبووی ساڵی 1949 یە، فابریس دایکی بە سەرچاوەی ئیلهام بۆ زۆر کەسی دیکە ناودەبات بەتایبەت لە ماوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا. ئەو دەڵێت "دڵخۆشییەکەی و خۆشەویستیی ئەو بۆ ژیان، واتلێدەکەن پێبکەنیت و دڵخۆش بیت".