فراکسیۆنی پارتی سەوزی ئەڵمانیا: کەنیسە، هۆڵەکانی سینەما و مۆزەخانەکان بکرێنە پۆلی خوێندن

10-02-2021
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
نیشانەکردن ئەڵمانیا کۆرۆنا
A+ A-
 
رووداو ـ ئەڵمانیا

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سەوز لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا داوا دەکات سوود لە کەنیسە و هۆڵەکانی سینەما و مۆزەخانەکان وەربگیردێت و بۆ پۆلی قوتابخانە بەکاربهێنرێن. ئەو پێشنیازە چاوەڕواننەکراوەی سیاسەتڤانێکی دیار و خاوەن ئەزموون بۆ کۆبوونەوەی ئەنگێلا مێرکل لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمەکانی وڵاتەکەی کراوە. 
 
کاترین گویرینگ-ئێکارت، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سەوزی ئەڵمانیا لە پەرلەمانی فیدراڵی لە دوایین گفتوگۆکان لەبارەی رێکارەکانی ئێستای وڵاتەکەی بۆ پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی خێرا و زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا دەڵێت: 'شوێنی گەوەرەمان هەن کە ئێستا بەتاڵن. هۆڵەکانی شانۆ، مۆزەخانە، کەنیسە و سینەماکان. بۆچی ئێمە خەم لەوە نەخۆین؟ وەڵامی ئەمە دەبێ ئێستا حکومەتی فیدراڵی بیداتەوە. دەبێت لەگەڵ سەرۆکوەزیرانەکان ئێستا وەڵامی ئەمە بدەنەوە." 
 
رۆژی چوارشەممە 2021/02/10 ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەر 16 هەرێمەکەی وڵاتەکەی بە ڤیدیۆ کۆنفرانس کۆبوونەوەیەکی هەلسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای ئەڵمانیا دەکەن بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا بدەن.
 
لە 2020/12/15ـەوە ئەڵمانیا هاتووچۆی گشتیی بۆ کەمترین ئاست دابەزاندووە و تەواوی بازاڕەکان، قوتابخانە و شوێنە گشتییەکانی وەکو سینەما، شانۆ، مەلەوانگە و هۆڵە وەرزشییەکانی بە تەواوەتی داخستوون. 
 
لە خواردنگەکاندا تەنیا خواردن بە گەیاندن یاخود وەرگرتن هەیە؛ هیچ شوێنێکی دانیشتن بۆ خواردن و خواردنەوە نییە. 
 
ئەو بڕیارە تاوەکو 2021/02/14  کاری پێدەکرێت و لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەدا چاوەڕوان دەکرێت بڕیاری درێژکردنەوەی هەمان رێکار بە لایەنی کەمەوە تاوەکو 1ـی ئادار بدرێت. 
 
هەندێک لە سەرۆکوەزیرانەکان لەگەڵ ئەوەدان سەرتاشخانەکان، باخچەی ساوایان و قوتابخانە بنەڕەتییەکان بە پابەندبوون بە خۆپارێزییەوە بکرێنەوە. 
 
بە هۆی ئەو گفتوگۆ گەرمەی لەنێو رای گشتیی ئەڵمانیا بۆ کردنەوە یاخود داخرانی دەرگاکانی قوتابخانەکان هەیە، پێشنیازەکەی سیاسەتڤانە دیارەکەی پارتی سەوز کە لە ساڵی 1998ـەوە کورسییەکی پەرلەمانی فیدراڵیی بەبێ دابڕان هەیە و ماوەیەکیش جێگری سەرۆکی پەرلەمان بووە، بۆ رای گشتیی ئەڵمانیا بە سەرسووڕماننەوە وەرگیراوە و بووە بە رۆژەڤ و هەندێک جاریش بە تەنزەوە دووبارە دەگێڕدرێتەوە. 
 
پارتەکەی خاتوو کاترین گویرینگ-ئێکارت  لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا بچووکترین فرۆکسیۆنی هەیە و لە کۆی 709 پەرلەمانتار تەنیا 67 کورسییان لە هەڵبژاردنی ئەیلوولی 2017دا بەدەستهێناوە، بەڵام بەپێی پێشبینییەکان لە هەلبژاردنی ئەیلوولی ئەمساڵدا ژمارەی کورسییەکانیان زیاتر دەبێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.