لە لەندەن پرۆژەیەکی میوزیکژەنین بۆ کوردانی ئێزدی رێکدەخرێت

 
 
رووداو - لەندەن

لە لەندەن لە ماڵی لۆردەکانی بەریتانیا پرۆژەیەکی میوزیکژەنین بۆ کوردانی ئێزدی رێکخرا تاوەکو لەو رێگەیەوە کچان و ژنانی کوردی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش چیرۆکی ئەو ستەمە بۆ بەریتانییەکان بگێڕنەوە کە لێیانکراوە. 
 
 
چەند رزگاربوویەکی دەستی داعش لە کەمپی خانکێی پارێزگای دهۆکەوە چوونەتە لەندەن بۆ ئەوەی بە بەریتانییەکان بڵێن لەو پێنج ساڵەی داعش ژیانیانی زەوتکردبوو، چی روویدا. چیرۆکی رێناس و هاوڕێکانی پوختکراوەی دەسەڵاتی داعشە لەو پێنج ساڵەی بەشێک لە عێراق و سووریایان داگیردبوو.
 
رێناس ئەلیاس، کچە کوردی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ساڵی 2014 سێی مانگی هەشت من و دایکم و دوو برا و خوشکێکم کەوتینە دەستی داعش و سێ ساڵ و دوو مانگ لە دەستی داعشدا بووین".
 
ئاسیا لیاس، رزگار بوویەکی دیکەی دەستی داعشە و دەڵێت، "کاتێک کەوتمە دەستی داعش دە ساڵ بووم. لەڕێگەی کەناڵی رووداوەوە داوا لە حکومەت دەکەم دەستگیرکراوەکانمان بگەڕێننەوە".
 
کەریم سڵێمان، راوێژکاری جڤاتی رۆحانیی ئێزیدییەکان باسی لەوە کرد، "حکومەتی بەریتانیا لەگەڵ ئەو نەهامەتییەی بەسەر ئێزیدیەکاندا هات هاوسۆزە و پێیوایە ئەوەی بەسەر ئێمەدا هاتووە جینۆسایدە. کاتی خۆی ئەو کچانەی دۆزینماننەوە لەرێگەی نووسینگەی تایبەتی کاک نێچیرڤان بارزانییەوە بوو کە ئەوکات سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بوو و لە دەستی داعش رزگارکران".
 
رێکخراوی "AMAR" ژمارەیەک کچ و ژنی کوردی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعشی بردووەتە لەندەن و دەیەوێت لەڕێگەی ئەو پرۆژەیەوە میوزیک و فەرهەنگی ئێزدییەکان بپارێزێت و چیرۆکەکانیان سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببڕن و جیهان باشتر تێبگات کە ئەوان چییان بەسەرهات.
 
بارۆنێس نیکلسۆنج، سەرۆکی رێکخراوی ئەمار ئاماژەی بەوە کرد، "پرۆژەی مۆسیقا بەو ئامانجە داڕێژرا بۆ گەڕاندنەوە و پاراستنی میوزیکی ئێزیدیەکان و دووبارە فێرکردنیان بۆ ئەوەی ببنەوە بە خاوەنی".
  
سەرۆک وەزیرانی پێشووی سکۆتلەند کە خۆی سەردانی باشووری کوردستانی کردووە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە رەوشی ئێزیدییەکان ببینێت، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە نەهامەتییەکانی ئێزیدیەکان لەبیرنەکەن.
 
لۆرد جاک ماککۆنێل، سەرۆکوەزیرانی پێشووی سکۆتلەند و سەر بە پارتی لەیبەر بە رووداوی گوت، "پێوستە ئێمە لە بەریتانیا دوو شت بکەین، هاوکاریی گەنجە رزگاربووەکانی دەستی داعش بکەین بۆ گەڕانەوە بۆ ژیانێکی نوێ کە رەنگە لە کەمپدا بژین، بەڵام هەر دەتوانن فێرببن. هەروەها دەبێت دڵنیابین کە وڵاتی شاهانە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو نەهامەتیەی ئەوان لەبیرنەکەن".
 
چیرۆکخوانە ئێزدییەکان دەرفەتی ئەوەشیان هەبوو بە هەڵپەڕکێ و میوزیک و چالاکییە فۆلکلۆرییەکانی ناوچەکانی خۆیان پیشانی بدەن کە رەگی ئەوان لەو ناوچەیەی تێیدا کۆمەڵکوژکران کۆنترە لەوەی کە مێژوو باسی دەکات.