گرووپێکی هاککەر هۆشداری دەداتە داعش

رووداو - ئاژانسەکان

لە هەڵمەتێکدا گرووپی هاککەرانی ئینتەرنێتی ناسراو بە "ئانۆنیمۆس" نزیکەی 100 هەژماری ئەلیکترۆنی لەسەر توویتەر دەسڕنەوە، دەشڵێن ئەمە بەشێکە لە هەڵمەتەکەو بەردەوام دەبن لەسەر سڕینەوەی هەژماری دیکە.

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی 'تەلەگراف' ی بەریتانی، ئەمڕۆ سێشەممە 10ی شوباتی 2015 لەژێر ناونیشانی (OpISIs) گرووپی ئانۆنیمۆس ئاماژە بەوە دەدات، نزیکەی 100 هەژماری داعشیان لە توویتەر سڕیوەتەوە و بەردەوامیش دەبن.

هاوکات گرووپەکە ناونیشانی 12 بەکارهێنەری فەیسبووکیان سڕیوەتەوە، کە گومانی ئەوەیان لێدەکرا پەیوەندیان بە گرووپە تووندڕەوەکانی عێراق و سووریاوە هەبووبێت.

ئانۆنیمۆس هۆشداری دەداتە رێکخراوی داعش لە نیازەکانی خۆی لە بەردەوامی سڕینەوەی هەژمارەکانی سەر بە رێکخراوەکە و ئابڕوبردنیان.

لە بەیننامەیەکدا گرووپی ئانۆنیمۆس دەڵێت "سەرجەم ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکانیشتان دەسڕینەوە، هەژمارەکانتان، ئیمەیلەکانتان، ئابڕوشتان دەبەین، لەئێستاش بەدواوە شوێنێکتان لەسەر ئینتەرنێت بۆ ناهێڵینەوە، وەکو ڤایرۆسێک مامەڵەتان لەگەڵ دەکەین بۆ چارەسەرکردنتان".

گرووپی 'داعش' یەکێک بووە لەو گرووپە چەکدارانەی کە بە شێوەیەکی رێکخراو سوودی لە ئینتەرنێت بەگشتی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی وەرگرتووە و بەکاریهێناون بۆ بڵاوکردنەوەی ترس لەناو خەڵکدا.