رووداو دیجیتاڵ
دادگەییکردنی دۆناڵد ترەمپ لەسەر تۆمەتە ئاراستەکراوەکانی تەواو بوو. دادگە بە تاوانباری ناساند، بەڵام بڕیاریدا بێ مەرج ئازادی بکات و بە هیچ جۆرێک سزا نادرێت.
رۆژی هەینی، 10-01-2025، دادگەییکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە ناوچەی مانهاتنی نیویۆرک بەڕێوەچوو. ترەمپ تۆمەتی پێدانی پارەی بە ئەکتەرێکی فیلمە رووتەکانی لەسەربوو؛ ئەوە جگە لە دەیان تۆمەتی دیکەی پەیوەست بە ساختەکردنی تۆمارە بازرگانییەکان.
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لەنێو دادگە ئامادە نەبوو و لەگەڵ تۆد بلانش، پارێزەرەکەی لە فلۆریداوە بە ئۆنلاین بەشداربوو.
دادوەر خوان مێرچن دادگاییەکەی بەڕێوەبرد. پێشتر مێرچن گوتبووی، ئەگەر ترەمپ نەتوانێت بچێتە نیویۆرک، دەتوانێت بە ئۆنلاین بەشداربێت.
دادگە هەرچەند ترەمپی بە تاوانبار ناساند، بەڵام بڕیاری ئازادکردنی بێ مەرجی دا.
ئازادکردنی بێ مەرج واتە کەسێک تاوانێکی کردووە و لەلایەن دادگەوە بەسەریدا ساخ دەبێتەوە، بەڵام هیچ سزایەکی نادات، لەوانەش چاودێریکردن، پێبژاردن و بەندکردن.
ترەمپ بەوە تۆمەتباربوو پارەی بەرتیلی دابووە ستۆرمی دانیاڵز، ئەکتەری فیلمە رووتەکان. مایکڵ کۆهین، پارێزەری پێشووی ترەمپ کە لە رابردوودا یەکێکی دیکە بوو لە شایەتحاڵەکانی کەیسەکە دانی بەوەدانابوو، پێش هەڵبژاردنی ساڵی 2016، ترەمپ فەرمانی پێکردبوو 130 هەزار دۆلار بداتە دانیاڵز تاوەکو بێدەنگ بێت و باسی پەیوەندییە سەرجێیەکانی لەگەڵ ترەمپ نەکات.
ترەمپ 34 سەرپێچیشی بەسەردا ساخببوونەوە کە هەموویان پەیوەندیداربوون بە ساختەکردنی تۆمارە بازرگانییەکان.
لە دادگاییەکە بلانش گوتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی خەمبار و ناخۆشە بۆ سەرۆک ترەمپ و خێزانەکەی. ئەمڕۆ رۆژێکی ناخۆشە بۆ هەموو ئەمریکا."
ترەمپیش رایگەیاند: "پێم وایە ئەم دادگاییکردنە ئەزموونێکی زۆر خراپ و نسکۆیەک بوو بۆ نیویۆرک و سیستمی دادوەریی نیویۆرک. ئەم دادگاییکردنە زیانی بە ناوبانگم گەیاند. لە راستیدا من بێتاوانم و هیچی هەڵەم نەکردووە."
پێشتر پارێزەرەکەی ترەمپ داوای لە خوان مێرچن کردبوو، دادگاییەکەی بۆ دوای رێوڕەسمی سوێندخواردنی دەستووری دوابخات کە لە 20-01-2025 بەڕێوەدەچێت، بەڵام مێرچن رەتیکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ