رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سوێد دەڵێت، ساڵی 2024 کەمترین کەس لە وڵاتەکەی مافی پەنابەرێتییان پێدراوە، بە جۆرێک 40 ساڵە ژمارەکە هێندە کەم نەبووە، ئەوەش دوای دەیەیەک لە کارکردن بۆ کەمکردنەوەی کۆچ بۆ ئەو وڵاتە.
رۆژی هەینی، 10-01-2025، یۆهان فۆرسێل، وەزیری کۆچی سوێد رایگەیاند: "لە ساڵی 2024ـدا 6 هەزار و 250 کەس لە سوێد مافی پەنابەرێتییان وەرگرتووە."
بەگوێرەی یۆهان، ئەو ژمارەیە ئەو ئۆکرانیانە ناگرێتەوە کە بەهۆی جەنگی وڵاتەکەیان لەگەڵ رووسیا، مافی مانەوەی کاتییان پێدراوە.
دوای ئەوەی لە ساڵی 2015 ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر لە وڵاتانی جیاوازی جیهانەوە روویان لە ئەورووپا کرد، پارتە راستڕۆ و چەپەکانی سوێد کاریان لەسەر کەمکردنەوەی کۆچ کرد و یاساکانیان تووند کرد.
دوای ئەوەی پارتە راستڕۆ میانڕۆکەی ئولف کریستێرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد لە 2022 دەسەڵاتی گرتەدەست، یاسای تووندتریش جێبەجێکران.
وەزارەتی کۆچ لە سوێد دەڵێت، پار ژمارەی ئەوانەی داواکارییان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتیی پێشكێش کرد، 9 هەزار و 645 کەس بوون، "ئەوەش 42٪ کەمتر بوو لە ژمارەکەی ساڵی 2022."
سوێد لە ساڵی 2015 کە ژمارەی کۆچبەران لە لووتکەدا بوو، لانیکەم 163 هەزار پەناخوازی تۆمارکرد.
فۆرسێل هەروەها گوتی: "لە کاتێکدا ژمارەی ئەو کەسانەی مافی پەنابەرێتییان وەرگرتووە زۆر کەمە، ژمارەی پەناخوازانیش زۆر کەمبووەتەوە. ئێستا لە هەموو چوار پەناخواز، سێ پەناخواز هۆکاری تەواویان نییە بۆ ئەوەی ئەو مافەیان پێبدرێت، بۆیە ئەوان چیدیکە نابێت لە سوێد بمێننەوە و پێویستە بچنەوە وڵاتی خۆیان."
وەزیری کۆچ ئاماژەی بەوەدا، سوێد پێویستە بۆ ساڵانی داهاتووش لە کەم هێشتنەوەی ژمارەکان بەردەوام بێت.
حکومەتی ئێستای سوێد هەروەها پلانی داناوە 34 هەزار دۆلار بداتە هەر پەناخوازێک کە بیەوێت بچێتەوە وڵاتی خۆی.
لە ساڵی 2023 دا، لانیکەم 94 هەزار و 514 کەس کۆچیان بۆ سوێد کرد و 12 هەزار و 644 کەسیان مافی پەنابەرێتییان وەرگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ