یەکێتیی ئەورووپا: ئەگەر پێشکەوتنی روون هەبێت سزاکانی سەر سووریا هەڵدەگرین
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، بەشێک لە سزاکانی سەر سووریا هەڵدەگرن، ئەگەر بەرپرسانی سووریا کاری پێویست بۆ دروستکردنی حکومەتێکی گشتگیر بکەن و کەمینەکانیش بپارێزن.
رۆژی هەینی، 10ـی کانوونی دووەمی 2025، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "ئەگەری هەیە یەکێتیی ئەورووپا دەست بە لابردنی سزاکانی سەر سووریا بکات ئەگەر پێشکەوتنی ئاشکرا (یەکلاکەرەوە) هەبێت".
ئەو گوتانەی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، رۆژێک دوای کۆبوونەوەکەی بوو لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، ئەمریکا، ئیتاڵیا و فەرەنسا لەبارەی دۆخی سووریا.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا گوتی: "لەگەڵ فەرەنسا، ئەمریکا، ئیتاڵیا و بەریتانیا پاڵپشتیی خۆمان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر و پاراستنی کەمینەکان (لە سووریا) کردەوە".
رۆژی 27ـی ئەم مانگە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل کۆدەبنەوە و بڕیارە گفتوگۆی ژمارەیەک پێشنیاز سەبارەت بە هەڵگرتنی بەشێکی سزاکانی سەر سووریا بکەن.
رۆژی پێنجشەممە ستیفان شنیک، نێردەی تایبەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری سووریا، دوای ئەوەی بە تەلەفۆن لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات قسەی کرد، بە میدیای نزیک لەو هێزەی راگەیاند، "ئەڵمانیا دەیەوێت بەشێک لە سزاکان هەڵبگرێت، ئەو سزایانە نا کە لەسەر بەشار ئەسەد (سەرۆکی پێشووی سووریا) و هاوڕێکانین، بەڵکو ئەو سزایانەی پەیوەندییان بە کەرتەکانی کارەبا، فڕۆکەوانی و وزەوە هەیە، بۆ ئەوەی هاوکاربین لە دووبارە بنیاتنانەوەی وڵاتەکە."
رۆژی سێشەممە، ژان نۆیێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر لایەنگرانی بەشار ئەسەد بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "ژمارەیەک سزا هەن بەسەر رژێمی ئەسەد و جەلادەکانی رژێمەکەدا سەپێندراون. هیچ نیازێک بۆ لابردنی ئەو سزایانە نییە."
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتیشی: "ژمارەیەک سزا هەن کە گەیاندنی هاوکاری مرۆییان بە سووریا قورس کردووە و رێگریش لە بنیاتنانەوەی وڵاتەکە دەکەن، ئەم سزایانە دەکرێت خێرا لاببرێن." ئەمە بەبێ ئاماژەکردن بە شێواز و کاتەکەی.