رووداو دیجیتاڵ
ئاگرێکی گەورە سنووری شاری لۆس ئەنجلسی ئەمریکای گرتووەتەوە و زیانی ملیاران دۆلاری داوە؛ 10 کەسیش بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی هەینی 10-01-2025 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئاگرە گەورەکەی سنووری لۆس ئەنجلس لە ویلایەتی کالیفۆرنیا قسەی کرد و گوت، "بەڵگەی روون هەیە کە خەڵک تاڵانیی کردووە". بایدن رەخنەی لەو کەسانەش گرت کە زانیاریی ناڕاست لەبارەی قەیرانەکە بڵاودەکەنەوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپییەوە گوتی، "دیمەنەکە لە دیمەنی جەنگ دەچێت، وەک ئەوەی شارەکە بۆردوومان کرابێت."
دەسەڵاتدارانی کالیفۆرنیا قەدەخەی هاتووچۆیان لە لۆس ئەنجلس راگەیاندووە و هەوڵەکانیش بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەردەوامن.
بایدن رایگەیاند، هاوکاری و پاڵپشتی لەلایەن سوپا و پاسەوانی نیشتمانییەوە فەراهەم دەکرێن.
سووتانی دارستانەکانی لۆس ئەنجلس لە 07-01-2025 دەستیپێکرد.
بەپێی ئاماری دامەزراوەی میدیایی "ئاکیو وێزەر"ی ئەمریکی کە تایبەتە بە راپۆرت و توێژینەوەی تایبەت بە کەشوهەوا، تاوەکو ئێستا زیانی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس لەنێوان 52 بۆ 57 ملیار دۆلارە.
ئەو زیانە زۆربەی بەهۆی سووتانی باڵەخانە و خانووەکانەوە دروستبووە، بەتایبەتی کە ناوچەکە لەڕووی خانووبەرەوە لە بەهادارترینەکانی ئەمریکایە. پێشبینی دەکرێت زیانە ئابوورییەکان 100 ملیار دۆلار تێپەڕێنێت.
جۆناسان پۆرتەر، بەڕێوەبەری بەشی توێژینەوەی کەشناسیی دامەزراوەکە دەڵێت، "ئەمە [ئاگرەکە] یەکێکە لە کارەساتبارترین ئاگرەکانی مێژووی کالیفۆرنیا."
لەنێو ئەو ناوچانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، سانتا مۆنیکا و مالیبون، کە بەهای بەشێک لە خانووەکانیان زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلارە.
نزیکەی 10 ملیۆن کەس لە شاری لۆس ئەنجلسی ئەمریکا دەژین کە سەر بە ویلایەتی کالیفۆرنیایە.
شارەکە زۆرترین چڕیی دانیشتووانی تێدایە لە ئەمریکا؛ نرخی موڵک و باڵەخانەکانی لۆس ئەنجلس زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلارە.
بەهۆی ئاگرەکە و کاریگەرییەکانی تاوەکو ئێستا 10 کەس گیانیان لەدەستداوە، 153 هەزار کەس فەرمانیان پێکراوە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و 10 هەزار خانوو و باڵەخانە سووتاون، هەروەها 400 هەزار کەسیش کارەبایان لەسەر بڕاوە. هەریەک لە کەنەدا، ئوسترالیا، رێکخراوی خاچی سوور و چەندین رێکخراوی دیکەی نێودەوڵەتی هاوکاریی پێشکێشی ئەمریکا دەکەن لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە.
ئاگرەکە لە پێنج ناوچەی جیاوازی سنووری لۆس ئەنجلسەوە سەریهەڵداوە و زیاتر لە 14 هەزار هێکتار زەوی سووتاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ