ڤیدیۆ.. سەربازانی تایوان خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان ئامادە دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سوپای تایوان لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە راهێنانی سەربازی دەکات و ئامادەیی خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان پێشان دەدەن. ئەو چەک و کەرەستە سەربازییانە پێشان دەدرێن کە دروستکراوی خۆیانن یان لەلایەن ئەمریکاوە پێیاندراوە.
سەن لی فانگ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تایوان دەڵێت: "سوپا دابینکردنی هەموو چەک و کەرەستەیەکی بەرگریی لە پێشینەی ئامانجەکانی داناوە. ئێستا گرنگی بە چوار بابەت دەدەین کە بریتین لە نەهێشتنی خاڵی لاواز، بەهێزکردنی هێزی یەدەگ، زیادکردنی توانای بەرگری و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان."
بەگوێرەی حکومەتی تایوان، پار خەرجیی سەربازییان 19 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار بوو، ئەم ساڵ دەگەیێندرێتە 19 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار کە دەکاتە 2.5٪ی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی وڵاتەکە.
هەروەها، تایوان 169 هەزار سەربازی هەیە و بە هاوکاریی ئەمریکا دەیەوێت راهێنانی زیاتریان پێبکات و ژمارەکەشیان زیاد بکات بۆ ئەوەی بتوانێت باشتر رووبەڕووی مەترسییەکان ببێتەوە.
چوانگ یوان، فەرماندەی بەتالیۆنی 3ی هێزە چەکدارەکان دەڵێت: "لێرە ئامادەکارییەکانمان پێشاندا. راهێنانەکە سەبارەت بە کۆکردنەوەی زانیاری، چۆنیەتیی وەڵامدانەوەی سوپا بۆ فەرمانەکان و زیادکردنی لێهاتوویی سەربازەکانە. لێرە دەمەوێت بە خەڵکی بڵێم کە بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەین و بەرگریی لە خەڵکەکەمان دەکەین."
بەرپرسانی چین چەندجارێک رایانگەیاندووە، تایوان بەشێکە لە خاکی وڵاتەکەیان و هەموو رێگەیەک بۆ گەڕاندنەوەی دەگرنەبەر.
ئەمە وایکردووە بەرپرسانی ئەمریکا بەردەوام هاوکاریی ئەو ناوچەیە بکەن و تشرینی یەکەمی رابردووش بایی دوو ملیار دۆلار سیستمی مووشەک و راداریان پێدان.