رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی داد و پۆلیسی فیدراڵیی سویسرا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو هەزار و 515 پەناخوازی عێراقی داواکارییەکەیان لەژێر لێکۆڵینەوە دایە. بەپێی ئاماری وەزارەتەکەش، شەش هەزار و 866 هاووڵاتیی عێراق و هەرێمی کوردستان لەو وڵاتەدا دەژین.
رۆژی چوارشەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی داد و پۆلیسی فیدراڵیی سویسرا لە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند "دوو هەزار و 515 هاووڵاتیی عێراقی لە قۆناخە جیاوازەکانی وەرگرتنی مافی پەنابەریێتین،" ئەم ئامارە پەناخوازانی کوردی باشووری کوردستانیش دەگرێتەوە.
وەزارەتی داد و پۆلیسی فیدراڵیی سویسرا (DFJP) دەڵێت "لەو دوو هەزار و 515 عێراقییەی سەرقاڵی وەرگرتنی مافی پەنابەریێتین، هەزار و 917ـیان مافی مانەوەی کاتییان پێدراوە، پێدانی مافی پەنابەریێتیش بە 44 کەسیان دواخراوە، کە هەموویان سەڵتن. هەروەها زۆرینەی ئەوانەی مافی پەنابەریێتی کاتییان وەرگرتووە حەوت ساڵ یان زیاترە لەو وڵاتە دەژین. بڕیار لەبارەی 526 کەسیشیان نەدراوە."
بەپێی ئاماری وەزارەتەکە ئێستا داواکاریی 133 هەزار و 909 پەناخواز لە قوناخە جیاوازەکانی پێدانی مافی پەنابەرێتین، کە زۆرینەیان لە کانتۆنی زیورخن و ژمارەیان 22 هەزار و 991 کەسە. عێراق بە حەوتەم وڵات دادەندرێت لەوەی هاووڵاتییەکانی لە هەوڵی بەدەستهێنانی مافی پەنابەریێتیی سویسرین. ریزبەندی یەکەم بۆ شەشەمیش بەم شێوەیەیە؛ ئۆکراین، ئەفغانی، ئیریتیری، تورکای، سووریایی و سۆماڵی.
بەگوێرەی وەزارەتی داد و پۆلیسی سویسرا، زۆرینەی ئەو هاووڵاتییانەی سەرقاڵی وەرگرتنی مافی پەنابەریێتیین خەڵکی وڵاتانی ئەوروپان و لەدوای ئەویش خەڵکی وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا دێن. زۆرینەی ئەوروپییەکان کە سەرقاڵی وەرگرتنی مافی پەنابەریێتین هاووڵاتیی ئۆکراینین کە ژمارەیان 67 و 685 کەسە. هەروەها، لە ئەسیا هاووڵاتییانی ئەفغانستانن کە ژمارەیان 17 هەزار و 780 کەسە و لە ئەفریقاش هاووڵاتییانی ئیریتیریان، کە ژمارەیان هەشت هەزار و 639 کەسە.
بیانییەکانی دانیشتووی سویسرا
وەزارەتی داد و پۆلیسی سویسرا ئاشکرایکردووە، جگە لەو پەناخوازە عێراقییانەی چاوەڕێی یەکلاییکردنەوەی دۆسییەکانیانن، شەش هەزار و 866 هاووڵاتی عێراقی مافی پەنابەریان پێدراوە. لەو ژمارەیە سێ هەزار و 836 کەسیان لە رەگەزی نێر و سێ هەزار و 30 کەسی دیکەشیان لە رەگەزی مێن.
لەکۆی هەشت ملیۆن و 800 هەزار دانیشتووی سویسرا، دوو ملیۆن و 361 هەزار و 647 کەسیان بیانین، لەو ژمارەیەش ملیۆنێک و 107 هەزار و 754 کەسیان لە رەگەزی مێ و ملیۆنێک و 253 هەزار و 893 کەسیان لە رەگەزی نێرن.
هاووڵاتییانی وڵاتانی ئەوروپا بە ملیۆنێک و 952 هەزار و 339 کەس زۆرترینی دانیشتووانە بیانییەکەی سویسرا پێکدەهێنن، کە زۆرینەیان خەڵکی ئیتاڵیا و ئەڵمانیان. لەدوای هاووڵاتییانی کیشوەری ئەوروپا، هاووڵاتییانی ئاسیا و ئەفریقا دێن، کە زۆرترین دانیشتووانی وڵاتەکە پێکدەهێنن.
لەو ئامارانەی وەزارەتی داد و پۆلیسی سویسرا بۆ رووداوی ناردووە، 1 هەزار و 762 هاووڵاتیی ئێرانی (بە هاونیشتیمانیانی رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە) سەرقاڵی وەرگرتنی مافی پەنابەریێتین کە 767 کەسیان مافی مانەوەی کاتییان وەرگرتووە. هەروەها پێنج هەزار و 601 هاووڵاتی دیکەی ئێرانی مافی پەنابەریان پێدراوە.
هەر بەپێی ئامارەکە حەوت هەزار و 214 هاووڵاتی سووریایی (بە هاونیشتیمانیانی رۆژئاوای کوردستانیشەوە) سەرقاڵی وەرگرتنی مافی پەنابەریێتین لە سویسرا، شەش هەزار و 583 کەسیان مافی مانەوەی کاتییان وەرگرتووە. جیا لەو سووریانەی لە هەوڵی بەدەستهێنانی مافی پەنابەریێتیین، 20 هەزار و 338 هاووڵاتی دیکەی سووریا لە سویسرا مافی پەنابەریان پێدراوە.
هەروەها حەوت هەزار و 774 هاووڵاتیی تورکیاش (بە هاونیشتمانیانی باکووری کوردستانیشەوە) لە هەوڵی بەدەستهێنانی مافی پەنابەریێتین لە سویسران، کە تەنیا 890یان مافی مانەوەی کاتییان وەرگرتووە. بەپێی ئامارەکە 71 هەزار و 1175 هاووڵاتی تورکیا و باکووری کوردستان لەو وڵاتە مافی پەنابەرییان وەرگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ