جەنگ پەیوەندیی بەشێک لە هاوژینە ئۆکراینییەکانی تێكداوە


رووداو دیجیتاڵ

دوو هاوژینی ئۆکراینی چەندین مانگە لە شاری سڤێرسک لە رۆژئاوای ئۆکراینا لەژێرزەمینێکی تاریکدا خۆیان حەشارداوە. جەنگ ناچاریکردوون بەردەوام پێکەوەبن و نەچنە دەرەوە. ئەو دوو هاوژینە ئۆکراینییە زیاتر لە 10 مانگە زۆرترین کات پێکەوەن. ئەمەش وایکردووە زوو زوو تووشی دەمەقاڵێ بن.
 
لویدمیلا مۆریانتس، هاووڵاتیی ئۆکراینی دەڵێت، "بەڵێ ئێمە لەسەر زۆر شتی بچووک شەڕ دەکەین، کاتێک تەواوی رۆژەکە پێکەوەین".
 
ئۆلێکساندەر مۆریانتس، هاووڵاتیی ئۆکراینی باسی لەوە کرد، "هەندێجار بە ژنەکەم دەڵێم دەمت داخە، بەڵام ئەو هەر قسە دەکات".
 
پێش جەنگیش، ئۆکراینا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی بەرزترین رێژەی جیابوونەوەی هاوژینانی تێدا بووە لە ئەوروپا و بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دادی ئۆکراینی، لە ساڵی 2021 رێژەی جیابوونەوە 46.6٪ بووە کە 13,153 کەیسی جیابوونەوە هەبووە. ئەمە لە کاتێکدا تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 7,632 کەیسی جیابوونەوە لە ئۆکراینا هەبووە. 
 
جەنگ زۆرترین زیانی بە ئۆکراینا گەیاندووە. ئێستا ئەو جەنگە کاریگەریی لەسەر هاوژینەکانیش کردووە، بەڵام پەیوەندی هەندێکیشی بە‌‌هێزتر کردووە.
 
ئۆلێکساندەر سێرینکۆ، هاووڵاتیی ئۆکراینی باسی لەوەش کرد، "هەمیشە هەوڵدەدەم هاوسەرەکەم هەست بەوە نەکات جەنگ لە دەورمانە و هەست بە نیگەرانی نەکات، ئەو دەزانێت من زۆر نوکتە دەکەم و نامەوێت ئەو بچێتە کەشێکی خراپەوە".
 
لە سەرەتای هێرشەکانی رووسیاوە، زۆربەی باڵەخانەکانی شاری سڤێرسک وێران بوون و زۆرینەی ئەو 12 هەزار ئۆکراینییەشی لێی دەژیان، هەڵهاتوون و شارەکەیان چۆڵکردووە و تەنیا چەند ژن و مێردێکی بەتەمەن ماونەتەوە کە ئێستا ئەوانیش لە یەکدی بێزارن.