سەرۆکی کازاخستان: شکستمان بە هەوڵێکی کودەتا هێنا

10-01-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
نیشانەکردن کازاخستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی کازاخستان رایگەیاند لە گرژییەکانی یەک هەفتەی رابردوودا، وڵاتەکەی هەوڵێکی "کودەتا"ی شکستپێهێناوە و دەشڵێت هێزەکانی رووسیا و هاوپەیمانەکانی لە ماوەیەکی "نزیکدا" دەکشێنەوە. هەروەها لە کۆنفڕانسێکی ڤێرچواڵدا ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند "هەرکاتێک" ئەرکەکەیان لە کازاخستان کۆتاییهات هێزەکانیان دەکشێننەوە. 
 
بەهۆی خۆپیشاندان کە گرژیی لێکەوتەوە، کازاخستان بە خراپترین رۆژەکانی لە مێژووی نوێیدا تێپەڕی، بەڵام لە گەورەترین شاریدا کە ئاڵماتییە، ئەمڕۆ دووشەممە تا رادەیەک ژیان ئاسایی بووەتەوە و هێڵی ئینتەرنێت کە لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا راگیرابوو، گەڕاوەتەوە.
 
قاسم جۆمارت تۆکایێڤ، سەرۆکی کازاخستان، کە لە کۆنفڕانسە ڤێڕچواڵەکەدا بەشداربوو، گوتی: "میلیشیا چەکدارەکان" خۆپیشاندانەکانیان بۆ مەبەستی دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا بەکارهێناوە. گوتیشی: "ئامانجە سەرەکییەکەیانمان بۆ روون بووەتەوە: پێشێلکردنی دەستوور، تێکدانی دامەزراوە حکومییەکان و گرتنی دەسەڵات".
 
سەرۆکی کازاخستان  هێرشی کردە سەر خۆپێشاندەران بە "تیرۆریست" ناوی هێنان و  گوتی: "ئەمانە هێرشێک بوون لەلایەن کەسانی مەشقپێکراوی پرۆفێشناڵ، لەنێویدا نیشانشکێن و چەکی تایبەتیان پێبوو. تیرۆریستان هێڵەکانی پەیوەندیکردنی تایبەت بەخۆیانیان بەکارهێنا، جلی سەربازی و پۆلیسیان لەبەرکرد. ئەوان خۆیان لە پشت خۆپیشاندەران شاردەوە، کە ببوونە قەڵغانی مرۆیی بۆیان. باندەکان هێرشیانکردە سەر چەندین پۆلیس و سەرباز و لانیکەم 5 جار هێرشیانکرد و بە تووندی لێیانیاندا. دوو پۆلیسیشیان سەربڕی".
 
لەبارەی ژمارەی ئەو سەربازانەی رووسیا و هاوپەیمانەکانی بۆ کازاخستانیان ناردووە. سەرۆکی کازاخستان رایگەیاند، هاوپەیمانێتییەکە: "تەنیا سەروو 2 هەزار سەرباز و 250 کەرەستەی سەربازیی ناردوون" و دڵناییی دا لەوەی لە کاتێکی "نزیکدا" ئەو هێزانە وڵاتەکەی جێدێڵن.
 
هاوکات، رۆژی دووشەممە بەرپرسانی کازاخستان رایانگەیاند کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی یەک هەفتەی رابردوودا، نزیکەی 8 هەزار کەس لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکراون. 
 
لای خۆشییەوە، وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکە رایگەیاند، 164 کەس کە سیانیان منداڵن لە گرژییەکاندا گیانیان لەدەستداوە.
 
ناوهێنانی کودەتا لەلایەن سەرۆکی کازاخستانەوە لە کاتێکدایە، کە لە ماوەی هەفتەی رابردوودا کەریم مەسیمۆڤ، کە سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگریی وڵاتەکە بوو، لە کارەکەی دوورخرایەوە و رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بە تۆمەتی ناپاکی دەستبەسەرکرا.
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی کازاخستان، کە ئاژانسی هەواڵگریی وڵاتەکەیە، لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە رۆژی 6ـی ئەم مانگە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی لێکۆڵینەوەیەکی لەبارەی ناپاکییەوە کرد و لە هەمان رۆژدا، بە گومانی ئەم تاوانە، مەسیمۆڤ، سەرۆکی پێشووی ئاژانسی هەواڵگری دەستبەسەرکرا".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.